دایکی منداڵێک لە زاخۆ: منداڵەکەم پێویستی بە گۆڕێنی جگەرە، هاوکاریم بکەن با لەدەستم نەچێت

 
رووداو - زاخۆ

بنیامین، منداڵێکی تەمەن 10 مانگە، هەر لە لەدایکبوونیەوە دایک و باوکی بەدوای چارەسەری پزیشکیدا دەگەڕێن بۆی، بەڵام بەهۆی ئەوەی توانای داراییان نییە، ناتوانن چارەسەری پێویستی بۆ بکەن.
 
جەیلان محەممەد، دایکی بنیامین داوای هاوکاری لە خێرخوازان دەکات و دەڵێت، "با کوڕەکەم لەدەستم دەرنەچێت، گورچیلەی خۆم دەدەم تەنیا کوڕەکەم لەدەستم دەرنەچێت."
 
شەش ساڵە باوکی بنیامین لە بازاڕی زاخۆ پێڵاو بۆیاخ دەکات، بەڵام داهاتەکەی وەکو پێویست نییە و ناتوانێت خەرجیی چارەسەری منداڵەکەی پەیدابکات.
 
جەمیل غانم، باوکی بنیامین دەڵێت، "بەتەمای خودا و کارەکەمم، رۆژانە 10 هەزار دینارم دەستدەکەوێت. نازانم پارەکە بە چی بدەم و بە چی نەدەم، کرێی خانوو یان تێچووی نەخۆشی. منداڵەکەم مانگێکە لەلای پزیشک چارەسەر وەردەگرێت."
 
ئەیوب محەممەد تاهیر، پزیشكی منداڵان دەڵێت، بەگشتی ئەو منداڵە لاوازە و سستە، ناتوانێت سەری خۆی راگرێت، هەروەها گەشەکردنیشی دواکەوتووە، کێشە لە رێکخستنی لەشیدا هەیە و ئێستا هەندێک چارەسەری پزیشکیی پێدەدەن.
 
بە گوتەی دایک و باوکی بنیامین، تاوەکو ئێستا نزیکەی 25 هەزار دۆلاریان لە خەرجیی چارەسەری منداڵەکەیاندا خەرجکردووە، بەڵام نەتوانراوە چارەسەر بکرێت، ئێستاش پێویستیان بە 20 هەزار دۆلارە بۆ چارەسەرکردنی.