کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: نیگەرانین لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان لەسەر کاری رۆژنامەنووسی
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤان کۆبووەوە و دەڵێت، نیگەرانن لە دەستگیرکردن و راگرتنی رۆژنامەنووسان "بەتۆمەتێک کە پەیوەستە بەکاری رۆژنامەنووسییانەوە."
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-10-2022 لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، برەودان بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی راگەیاندن لە "کارە هەرە لە پێشینەکانی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق" و، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە حکومەت و رێکخراوەکان کاری بۆ دەکەن.
ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتی باسی لە دۆخی رۆژنامەڤانانیش کردووە و ئاماژەی بەوە داوە ئەوان نیگەرانن لەو هەوڵانەی باس لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان "بەبێ هۆ، بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و هەروەها پەلاماردان و هەڕەشە و یانیش پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان بە بێ هەبوونی فەرمان دەکەن."
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا وەکو کۆنسوڵ باسی کردووە، نیگەرانی ئەوەشن کە هەندێک رۆژنامەڤان و کەناڵی راگەیاندنی دیاریکراو "بەتایبەتیش ژنان و ئەوانەی سەر بەو کۆمەڵگەیانەن کە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون، رێگەیان پێنادرێت بەشداریی کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی رەسمی بکەن، یانیش زانیاری یاسایی دژیەکیان پێدەدرێت کە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم پرۆسەی خۆتۆمارکردنیان."
هاوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان سانسۆری لەسەر هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نییە بۆ رووماڵی رووداو و هەواڵەکان و، هیچ رێگرییەکیش نەکراوە، ئەگەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناوی دەزگا یان رۆژنامەڤانێک نەنووسرابێ، ئەوە هۆکارێکی تەنکیکی بووە و بە مەبەست نەبووە.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەڵێت، هانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بنەما و بەها دیموکراسییەکان بناخەن بۆ میدیای ئازاد. بۆیە "چاوەڕوانیمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیارییە بۆ هاندانی بەرپرسیارێتی و بەهێزکردنی توانای رۆژنامەنووسان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە وەزارەتەکانەوە."