شارەوانیی سلێمانی: رێگەنادەین هیچ کەسێک سرووشتی گۆیژە بشێوێنێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بەمە‌بە‌ستی پاراستنی سیمای جوانی شاخی گۆیژە‌ چە‌ند سەکۆیەکی کۆنکرێتییان تێکداوە.
 
رۆژی سێشەممە 26-10-2021، سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە "رێگە‌ بە‌ھیچ كە‌سێك نادەین سرووشتی جوانی شاخی گۆیژە‌ بشێوێنێت بۆ سوودمەندبوونی چەند کەسێک".
 
شارەوانی رایگەیاندووە، لەسەر شاخی گۆیژە چەند سەکۆیەکی کۆنکرێتیی دروستکران بۆ دانانی کۆشک ئامادەکرابوون و تیمەکانیان تێکیانداوە. 
 
لەوبارەیەوە، ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کێشەکە تەنیا ئەوە نییە بە کۆنکرێت دروستکراوە، بەڵام ئەوانە هەندێک کاریان کردووە کە پێچەوانەی یاساکانە".
 
ئاکۆ عەلی دەڵێت: "ئەو کەسانە شتی وشکە نافرۆشن، زۆرینەیان کردوویانە بە چایخانە، یان گۆشت دەبرژێنن، هەروەها هەندێکیان نێرگەلە دادەنێن و ئەوانەش هەموویان هۆکارن بۆ ئاگرکەوتنەوە و سووتانی چیای گۆیژە".
 
ساڵانە چەند جارێک ئاگر لە چیای گۆیژە دەکەوێتەوە، هەروەها ئەوە جاری یەکەم نییە کەپر و کۆنکرێتی فرۆشیارەکانی گۆیژە لەلایەن شارەوانییەوە تێکبدرێت.
 
ناوەڕاستی ئەمساڵ قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ پاراستنی نەمام و درەختەکان بڕیاریان دەرکردووە کە نابێت گەشتیار و سەیرانکەران شەو لە چیاکە بمێننەوە و بخەون. راشیانگەیاند، خۆیان چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەن تاوەکو لە ئاگرکەوتنەوە بیانپارێزن.