قایمقامی هەولێر بۆ رووداو: لەنگە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و نۆژەندەکرێتەوە

26-10-2018
فەرهاد دۆڵەمەری
بەبڕیاری سەرۆکوەزیران دوو لیژنە پێکهێنراوە و دەستیان بە کارەکانیان کردووە
بەبڕیاری سەرۆکوەزیران دوو لیژنە پێکهێنراوە و دەستیان بە کارەکانیان کردووە
نیشانەکردن بازاڕی لەنگەی هەولێر
A+ A-

رووداو-هەولێر

گواستنەوەی لەنگە بۆ شوێنێکی دیکە لەلایەن قایمقامی هەولێرەوە رەتدەکرێتەوە و دەڵێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و بازاڕی لەنگەی هەولێر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و نۆژەندەکرێتەوە. بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش گوتی، بەبڕیاری سەرۆکوەزیران دوو لیژنە پێکهێنراوە و دەستیان بە کارەکانیان کردووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەکاتەی بەسەرکردنەوەی بازاڕی لەنگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێز سەرۆکی حکومەت دوو لیژنەی پێکهێناوە یەکیان بۆ دووبارە رێکخستنەوەی بازاڕەکەیە، بۆ دیزاین و نەهێشتنی ئەو کوموکوڕییانەیە کە پێشتر هەیبووە و بۆ ئەوەی کە ئێستا نەیمێنێت، لیژنەی دووەمیش بۆ چاوپێخشاندنەوەیە بەو زەرەر و زیانانەی کە بەو کاسبکارانە گەیشتووە. بەپێی توانای حکومەت قەرەبوو دەکرێنەوە".

قایمقامی هەولێر گوتی: "کاسبکاران دڵنیابن کە لێرە بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن، هیچ نیازێک بۆ گواستنەوەی لەنگە نییە وەک ئەو دەنگۆیەی دوێنێ بڵاوکرایەوە کە نیازوایە ئێرە بکرێتە مۆڵ یان شتێکی دیکە. ئەو قسانە دوورن لە راستی و هیچ بنەمایەکیان نییە. بەڵێن بەو کاسبکارانە دەدەین کە بەزووترینکات هەوڵیان بۆ دەدەین کە لێرە کار و کاسبییەکانیان بەردەوامی پێبدەن و مانگی 9 گرێبەستەکانیان نوێکراوەتەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ".

سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانیش، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "بەهۆی ئەوەی کەلوپەلی ناو هەردووکانێک جیاوازبووە تاوەکو ئێستا نازانین زیانەکانیان چەندە، دووکان هەیە 40 هەزار دۆلار زیانی پێگەیشتووە، یەکێکی دیکە 10 هەزار دۆلار زەرەری کردووە. بەڵام ئەوەی هەیە نیوەی بازاڕەکە بەتەواوی سووتاوە".

هۆشیار قادر، بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ قایمقامی هەولێر سەردانی بازاڕی لەنگەیان کردبوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاند: "سەرۆکی حکومەت هەرزوو لە رێگای سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایسپارد کە دوو لیژنە دروستبێت یەکێکیان بۆ رێکخستنەوەی بازاڕەکەیە کە جارێکی دیکە کارەساتی وا روونەداتەوە، لیژنەی دووەمیش لیژنەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوە، لەگەڵ پارێزگای هەولێر ئەم لیژنەیە دەستبەکار دەبن. دەستمانپێکردووە و ئەمڕۆ داتایەکی باش کۆدەکەینەوە و لە سبەینێشەوە لیژنەکە فراوانتر دەکەین لەگەڵ پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی هەردوو لیژنەکە پێکەوە کار بکەن". 

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا بە قەیرانێکی داراییدا دەڕوات و سەرۆکی حکومەت ئەمری کردووە کە بەپێی توانا قەرەبووی خەڵک بکرێتەوە".

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاگری تێبەربوو و لەکۆی 2400 دووکان، 1800 دووکانی سووتاوە و زیانێکی زۆر بە کاسبکارانی ئەو بازاڕە گەیشتووە.

رۆژی پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی توویتەرەوە هاوخەمی لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕەکە دەربڕی و رایگەیاند: "دڵنيا بن ئه‌وه‌ى له‌ توانادا بێت قه‌ره‌بووى زيانلێكه‌وتوان ده‌كرێته‌وه‌‌".

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە