فڕۆکەخانەی هەریر دەکرێتە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان

26-10-2014
غازی حارس
رووداو
رووداو
نیشانەکردن فڕۆکەخانەی هەریر
A+ A-
رووداو- هەولێر

بڕیارە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر بکرێتە بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش، ئەو فڕۆکەخانەیە کە لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێرانەوە تەنیا لە ساڵی 2003 جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی روخاندنی حکومەتی بەعس بەکاریانهێناوە و، کاژێر 2ی شەو 500 مارێنزی ئەمریکی لە ئاسمانەوە بۆ فڕۆكەخانەكە دابەزین. ئێستا فڕۆکەخانەکە جارێکی دیکە دەبێتەوە بنکەیەکی سەربازی و ناوەندی هەماهەنگی کردە سەربازییەکان و مەشق و راهێنانی هاوپەیمانان( ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی دژی داعش) هەماهەنگی لە نێوانیان دەکرێت.

هەفتەیەک بۆ چۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێستا لەلایەن حکومەتی کوردستان دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا کۆمپانیا بەڵێندەرە سەربازییە بیانییەکان دەستبەکاربن و ماوەی هەفتەیەک مۆڵەت دراوەتە کۆمپانیای یۆکسەلی تورکی کەلوپەلەکانی لە فڕۆکەخانەکە لاببات، دواتریش لە رێگای کۆمپانیا بەڵێندەرە بیانییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە، دەستدەکرێت بە دامەزراندن و  کەرەستەی پێویست بۆ کاروباری بنکەکە دەگوازرێتەوە.

هەڵکەوتەی ستراتیژیی فڕۆکەخانەکە

فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر دەکەوێتە دەشتی هەریر، سەر بە قەزای شەقڵاوەیە لە پارێزگای هەولێر و تەنیا 75 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای هەولێرەوە دوورە، شوێنێکی ستراتیژی هەیە لە رووی جوگرافی و بە دووری 100 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانی نێوان عێراق و ئێران، بەهەمانشێوە بەدووری کەمتر لە 50 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاڵی سنووری تورکیاوە دوورە و 200 کیلۆمەتریش لە خاڵی سنووری برایم خەلیلەوە دوورە.

پێکهاتەی فڕۆکەخانەی هەریر

ساڵی 1982 دەست بە دروستکردنی فڕۆكەخانەكە کراوە و لە ساڵی 1988 کۆتاییپێهاتووە، حکومەتی عێراق بەمەبەستی سەربازی فڕۆکەخانەکەی دروستکردوووە بۆ هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکەکان لە شەڕی عێراق و ئێراندا، فڕۆكەخانەكە تەنیا یەک راڕەوی فڕینی هەیە کە درێژییەکەی 1825 مەترە و پانییەکەشی 46 مەترە.

ئێستا ئەو فڕۆکەخانەیە لەلایەن کۆمپانیای یوکسەلی تورکی، کە کۆمپانیایەکی بواری دروستکردنی رێگاوبانە بەکاردەهێندرێت، یەک هەفتە مۆڵەتیان ماوە بۆ چۆڵکردن و پاککردنەوەی .

بە 5 سەردان هەڵسەنگاندن بۆ فڕۆکەخانەکە کراوە

لە مانگی ئەیلوولدا شاندێکی هێزەکانی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی فڕۆکەخانەکەیان کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ شوێنەکە کردووە، بۆ ئەوەی بکرێتە بنکەی سەربازی هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش، دوای ئەو سەردانەشیان چوار جاری دیکە لیژنەی جیاجیای بوارە سەربازییەکان سەردانی فڕۆکەخانەکەیان کردووە، دوای هەڵسەنگاندنیش بڕیاردراوە بکرێتە بنکەی هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان.

عێراق بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكا رەتدەکاتەوە

نێوەڕاستی مانگی رابردوو، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، له‌ هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند کە نایانه‌وێت ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ دژی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ عێراق سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، بكرێته‌ بوارێك بۆ دامه‌زراندنی‌ بنه‌كه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی‌ عێراق و گوتی:" بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراقدا قبوڵناکەین".

گوتیشی‌:" پشتیووانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌بێت بۆ له‌ناوبردنی‌ رێكخراوی‌ داعش ته‌نیا خۆی‌ له‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ و پاڵپشتی‌ لۆژیستی‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراقدا ببینێته‌وه"‌.

هەریر لەجیاتی ئەنجەرلیک

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە تورکیا رەتیکردەوە بۆ بەکار‌هێنانی بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لەگەڵ واشنتن گەیشتبنە رێککەوتن.

نووسینگەی ئەحمەد داوودئۆغڵوی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند،" تورکیا نەگەیشتووەتە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا، سەبارەت بە بەکارهێنانی بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک بۆ هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی داعش".

هەڕەشە لەسەر ئێران دروستناكات

هەر تایبەت بەو پرسەوە، سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی کوردستان رەتیکردەوە كردنەوەی‌ بنكەی‌ سەربازیی‌ ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان هەڕەشە لەسەر ئێران دروستبکات. سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بنكەی ئەنجەرلیكی توركی‌ و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەوڵاتانی كەنداو وەك بەحرێن‌ و قەتەر و كوەیت‌ و ئیمارات هەموویان نزیكن لە ئێران، ئەوەی لە هەولێریش دەكرێتەوە بۆ مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعشە، نەك مەترسی بۆ سەر ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەكە، هەمیشە گوتوومانە نابێت هەرێمی كوردستان ببێتە جێگەی ململانێی زلهێزەكان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە