فڕۆکەخانەی هەریر دەکرێتە بنکەی سەربازی سوپای ئەمریکا


رووداو - هەریر

فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر، ئەو فڕۆکەخانە کۆنەی لە کاتی شەڕەکاندا زۆرترین ناوی دێت ، رووداو زانیویەتی بکرێت بە بنکەی سەربازی سوپای ئەمریکا ، بەڵام تائێستا ئامادەکارییەکان دەستیپێنەکردووە ، بەڵام ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی ناوەندی سەربازی هاوپەیمانان لە هەولێر بە ناوی ناوەندی هەماهەنگی هەوڵەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکردووە، تایبەت بە مەشق و راهێنان و چاودێری ، کە تێیدا بڕیارە هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا ، بەریتانیا ، فەرەنسا ، ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمانان ئاڵاکانیان لەو ناوەندە هەڵبکەن.

فڕۆکەخانەی هەریر لە نێوان ساڵانی 1982 بۆ 1988لە لایەن حکومەتی بەعس ، بە مەبەستی سەربازی دروستکراوە ، درێژیی فڕۆکەخانەکە 1825 مەترە پانییەکەشی 460 مەترە ، نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران  لە سنووری ئێران دوورە و نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل لە سنووری تورکیاوە دوورە .

دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی سوپای ئەمریکا لە فرۆکەخانەی هەریر لە چوارچێوەی هەوڵی وڵاتانی هاوپەیمانان و ئەمریکایە لە دژی داعش ، شوێنە جوگرافییەکەی بە گونجاو دادەندرێت بۆ چاودێری کردنی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سوریاو ناوچەکە.

ساڵی 2003 زیاتر لە 500 مارێنزی ئەمریکی لەو فرۆکەخانەیە دابەزین ، ئەو گەنجانە باسی ئەو کات دەکەن ، سۆفی محمەد کە ساڵی 2003 تەمەنی 10 ساڵان بووە ، بە بەردەوامی لە دووری فرۆکەخانەکە بۆ سەیرکردنی ئەمەریکییەکان دانیشتووە ، بۆیە دیمەنەکانی لەیادە.

ئێستا ئەو فرۆکەخانەیە کۆمپانیایەکی تورکی بۆ دروستکردنی رێگاوبانی تێدایە ، یەک هەفتە مۆڵەتیان ماوە بۆ چۆڵکرنی و پاککردنەوەی .