رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سەیدسادق دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنووری قەزاکەدا جێبەجێکردووە و ئێستا رەزامەندی لەسەر نزیکەی سێ ملیار دیناری دیکە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک دراوە.
رەزا محەممەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق میوانی بەرنامەی (مژار) بوو لە رادیۆی رووداو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی لە كێشە و گرفتەکانی سنووری قەزاکە کرد و گوتی، لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دینار پڕۆژە لە سنووری قەزاکە جێبەجێکراون کە زیاتر لە بوارەکانی دروستکردنی شەقام و رێگە، ئاو و ئاوەڕۆ بوون.
بە گوتەی قایمقامی سەیدسادق، بەشی زۆری ئەو پڕۆژانە تەواوکراون و ئەوەشی ماوە نزیکەی 90%ـی جێبەجێکراون. پرۆژەکانیش رێگەی ناوگردان، قەزای سەیدسادق بۆ جووتسایدی هەڵەبجە، کە زیاتر لە 11 گوندی سنوورەکە رێگەیان لەسەری بووە کە زیاتر لە 900 ملیۆن دیناری تێچووە، هەروەها رێگەی گوندی قایینەجە بۆ گوندەکانی بناری سوورێن جێبەجێکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ناوەندی قەزاکەش، رێگەی گەڕەکی هێمن- کەنی زەرد، گەڕەکی بەرکێو و گەڕەکی حەسار جێبەجێکراون کە تێچوویان زیاتر لە سێ ملیار دینار بووە.
لە سێکتەری پەروەردەش، ساڵی رابردوو سەرمایەدارێکی شارەکە قوتابخانەیەکی 27 پۆلی بۆ شارەکە دروست کردووە و ئەم ساڵ دەکرێتەوە.
قەزای سەیدسادق، دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە و نزیکەی 23 هەزار و 698 خێزان لە سنووری قەزاکەدا دەژین.
رەزا محەممەد، خاپوورکردنی سەیدسادق لە ساڵی 1987 و گەشەی ناسرووشتی لە رێژەی دانیشتووان و کەمتەرخەمی کارگێڕی و قەیرانی دارایی بەهۆکار دەزانێت کە وەکو پێویست نەتوانراوە خزمەتی قەزاکە بکرێت و دەڵێت، دۆخی خزمەتگوزاری بەجۆرێکە 70% شارەکە خزمەتگوزاری بۆ کراوە و هێشتا 30% قەزاکە خزمەتگوزاری بۆ جێبەجێ نەکراوە.
لەبارەی پرۆژە راگیراوەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی هۆڵی داخراوی وەرزشی قەزای سەیدسادق دەستی پێکردووەتەوە و لەساڵی رابردووەوە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ (بانکی ناوەندیی هەرێم) لە سلێمانی نەختینەی پێویست بۆ پڕۆژە راگیراوەکان دابینکراوە و کارکردن تێیاندا بەردەوامن.
لەبارەی پرۆژەی نوێ بۆ قەزاکەیان، قایمقامی سەیدسادق گوتی، لەدوای سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ سنوورەکەیان، بڕیاری لەسەر کۆمەڵێک پرۆژە دراون و بەشێکیان لە قۆناخی تەندەردایە کە نزیکەی سێ ملیار دینار دەبێت لەوانە؛ نۆژەنکردنەوەی تەواوی رووناکی ناوشار بە گوژمەی 216 ملیۆن دینار، بەستنەوەی پرۆژەکانی ئاو بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بە گوژمەی 168 ملیۆن دینار.
گوتیشی، جێگری سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گۆڕستانی شارەکە بە گوژمەی 460 ملیۆن دینار، لەگەڵ جوانکاریی دەروازەی شار، رێگەی شانەیەری بە گوژمەی 300 ملیۆن دینار لەگەڵ تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکی تەپەڕەش بە گوژمەی 330 ملیۆن دینار.
لەبارەی دۆخی کەرتی تەندروستیی قەزاکە، رەزا محەممەد دەڵێت، ئامێرێکی سیتی سکان لەگەڵ حەوت کورسی بۆ سەنتەری ددانی شارەکە دابین دەکرێت و لەگەڵ کەرەستەی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری شارەکە.
بۆچارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆی شارەکە، ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لە گەڕەکەکان هێشتا تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێ نەکراوە و بەشێک لە ئاوەڕۆی سندووقی قەزاکە تەواو نەکراوە کە نزیکەی 6 ملیار دیناری پێویستە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ی ئاداری 2024، بڕیاری دا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان کە تائێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
رەزا محەممەد دەڵێت، "لە سەیدسادق چەند پارچە زەوییەکمان هەن تۆمارن بەناوی وەزارەتی شارەوانی و ئامادەن بۆ دابەشکردن، بەڵام ئەوە بەش ناکات و پێویستمان بە ئیفرازکردن و فراوانکردن دەبێت ئەوەش کاتی و رێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویستە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ