رووداوێکی هاتووچۆی خوێناوی لە سنووری کەرکووک؛ '10 کەس گیانیان لەدەستداوە'

رووداو دیجیتاڵ 
 
رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - تکریت روویدا و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە چواریان خوشک و بران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، لەسەر رێگەی کەرکووک - تکریت، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێڵ لە جۆرەکانی کرێن، جێمسی تاهۆ و ئەڤەلۆنێک روویدا.
 
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا ئاماری قوربانیانی رووداوەکە بە تەواوی نازانرێت، دەگوترێت 10 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ بەڵام ناتوانن ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکەنەوە.
 
چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە، هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک لەنێو نەخۆشخانەوە گوتی: "ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 10 کەس."
 
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی: "تاوەکو ئێستا 5 تەرم گەیێندراونەتە دادپزیشکیی کەرکووک، لەگەڵ 4 بریندار لە نەخۆشخانەی کەرکووکن، رەنگە قوربانییەکانی دیکە رەوانەی تکریت کرابن". 
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێکدێن لە:
 
- کیفاح حازم زعیل لە دایکبووی 1989
- مەسرور حارس مەزهەر 2022
- زەید حارس مەزهەر 2013
- مەحموود حارس مەزهەر 2015
- سیدرە حارس مەزهەر 2017
- حارس حەبیب ئیسماعیل ، کارمەندی کۆمپانیای چیمەنتۆ
- محەممەد علیوی محەممەد 1986
- عەلی شەهاب حەمەد
- دوو منداڵ نادیارن
 
بریندارەکان:
 
عودەی شەهاب حەمەد
شەزا مەحمود شەهاب
محەممەد زێدان خەلەف
 
رۆژی یەکشەممە، 15-09-2024 لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک - تکریت، رووداوێکی دیکەی خوێنی روویدا، بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگرێکی بچووک و بارهەڵگرێکی گەورە ، چوار کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا.
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق  کە مانگی شەشی ئەم ساڵ بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو 11552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە و لە ئەنجامدا 3019 کەس گیانیان لەدەستداوە.