رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت بەکارهێنانی مزگەوت و پەرستگە ئاینییەکان و دەقەکانی قورئانی پیرۆز لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەموو جۆرێک قەدەخەیە و هەر مزگەوت و مامۆستایەکی ئاینیی و بەربژێر و لایەنێکی سیاسیی پێوەی پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان موڵکی هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن بەبێ جیاوازی و بەکارهێنانیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن رێگەپێنەدراو و قەدەخەیە.
گوتیشی: بەکارهێنانی دەقەکانی قورئانی پیرۆز بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەهەمان شێوە قەدەخەیە و هەر بەربژێر و لایەنێکی سیاسیی دەقەکانی قورئان و دەقە ئاینییەکانی دیکە بە مەبەستی سیاسیی بەکاربهێنێت وەکو یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر هەم لەرێگەی دادگە و هەمیش لە رێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
" بەڵێنی ناڕاست لای خودا تاوانە"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان باسی لە بەڵێندان کرد لە روانگەی ئاینی ئیسلامەوە و گوتی: هەر بەربژێر و لایەنێکی سیاسیی بەڵێنێک بە هاونیشتمانییان بدات، کە بزانێت ناتوانێت بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، ئەوا لای خودا تاوانبار دەبێت بەوپێیەی بەڵێنی ناڕاست لای خودای گەورە تاوانە.
گوتیشی: هەر بەپێی دەقە ئاینییەکان هەڵخەڵەتاندن و گەوجاندنی خەڵک لە ئاینیی ئیسلام قەدەخەکراوە و هەر بەربژێر و لایەنێکی سیاسیی خەڵک بخەڵەتێنێت، ئەوا بەپێی حوکمە شەرعییەکان سزا و لێپێچینەوەی لەسەرە.
"مامۆستایانی ئاینی تەنانەت ئەگەر خۆشیان بەربژێر بن بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نین مزگەوت و سرووتە ئاینییەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن و رێگەپێدراویش نین حوکم لەسەر هیچ کەس و لایەنێک بدەن و بە زاڵم و تاوانبار ناوی کەس بهێنن" د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان لە بەرنامەکە وای گوت.
لەگەڵ دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی هاونیشتمانییان و لایەنە سیاسییەکان کرد و لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەدابوو کە "نابێت مزگەوت، قورئان و موقەدەساتی ئایینی کە موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن بکرێنە بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن."
هاوکات، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کەسێک مزگەوت یان پەرستگە بۆ بانگەشە بەکاربهێنێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوانیش بەپێی یاسای دیاریکراو، سزای دەدەن".
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ