هەپەگە ناسنامەی دوو گەریلای ئاشکرا دەکات کە لە شەڕێکدا لە مێردین گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هەپەگە ناسنامەی دوو گەریلای ئاشکرا دەکات، کە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ هێزەکانی جەندرمە لە مێردین-ی باکووری کوردستان گیانیان لەدەستدا. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2024، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامەی دوو گەریلای ئاشکرا کرد، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی رۆژی 1ـی ئەیلوول، لەلایەن فەرماندەیی جەندرمە لە گوندەکانی نزیک شارۆچکەی نسێبین لە مێردین گیانیان لەدەستدا. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن: ئادەم ئۆزکان ناسراو بە زەردەشت سوروچ، لە دایکبووی رووها و سەلمان داغدەلەن ناسراو بە رێباز باگۆک، لە دایکبووی مێردین.   
 
هەپەگە پێشتر لە رۆژی 20ـی ئابدا راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو شەڕەوە هەبوو و دەڵێت، دوو سەربازی تورکیا و چوار  گوندپارێزیان لە رووبەڕووبوونەوەکەیان لەگەڵ فەرماندەیی جەندرمە کوشتووە. بەڵام وەزارەتی ناوخۆ تەنیا کوژرانی گوندپارێزێکی بڵاوکردەوە. 
 
رۆژی 1ـی ئەیلوول، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پەکەکەی لە مێردین لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گورز بڵاوکردەوە. 
 
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە دێت بەناوی "گورز" کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە و قەدەخەی ناوچەی ئەمنیی بەر لە ئۆپەراسیۆنەکان رادەگەیێنێت. تاوەکو ئێستا لە شرنەخ، ئێلیە، جۆلەمێرگ، ئێلیە، مێردین و ئامەد ئۆپەراسیۆن کراون.