هەر پارت و بەربژێرێک پارەى پێبژاردن نەدات، هەڵبژاردنى داهاتوو ناتوانێت بەشدار بێت
رووداو دیجیتاڵ
پارت و هاوپەیمانێتییەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەرپرسیارێتى دارایی سزاى پێبژاردنى بەربژێرەکانیان لەئەستۆ دەگرن، ئەگەر پارەکە نەدەن، رێگەیان پێنادرێت لە هەڵبژاردنى دواتر بەشدار بن.
لە 25ى ئەیلوولەوە بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستی پێکردووە، تیمى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق چاودێریی بانگەشەى ليست و بەربژێرە بەشداربووەکان دەکات، بۆ تۆمارکردنى هەر پێشێلکارییەک کە رووبدات.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پارت و هاوپەیمانێتییەکان بەرپرسیارێتى پێبژاردنى ئەو سەرپێچییانە لەئەستۆ دەگرن، کە بەربژێرانیان دەیکەن، بەڵام ئەگەر بەربژێرەکە سەربەخۆ بوو پێبژاردنەکە دەکەوێتە ئەستۆى خۆى.
بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن کار بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانى ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی دەکات، سزاى پێبژاردنەکان بە گوێرەى یاساکە لە نێوان 100 هەزار بۆ پێنج ملیۆن دینارە، ئەوەش بە گوێرەى جۆرى پێشێلکارییەکان.
عیماد جەمیل رایگەیاند: پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێران لە سزاى پێبژاردنى پێشێلکارییەکان ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر پارەکە نەدات رێوشوێنى یاسایی لە دژى دەگیرێتەبەر.
بریکارى یاسایی پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێرانیش دەتوانن لە کۆمیسیۆن سکاڵا تۆمار بکەن، لەبارەى پێشلکاریی رکابەرییەکانیانەوە لە کاتى بانگەشە، ئەگەر سەلمێندرا، پێشێلکارەکە سزا دەدرێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى: "ئەگەر هەر پارت یان هاوپەیمانێتی یان بەربژێرێکی سەربەخۆ پابەند نەبێت بە دانى ئەو پارەیەوە، کە وەک سزاى پێبژاردن لەسەرى داندراوە، رێگەى پێنادرێت بەشدارى بکات لە هەڵبژاردنى داهاتوو".
136 لیست و1911 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
بانگەشەى هەڵبژاردن تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، رۆژى 18ى هەمان مانگ دەنگدانى تایبەت دەکرێت و 20ى ئەیلوول دەنگدانى گشتییە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.