رووماڵی رووداو لە ئاگرەکەی حەمدانییە بۆ خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەربژێر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووداوی ئاگرەکەی حەمدانییە لە شاری لەندەنی بەریتانیا بۆ خەڵاتێک بەربژێر کراوە. رووداو هاوشانی میدیا گەورەکانی جیهان کێبڕکێ لەسەر خەڵاتێکی نێودەوڵەتی دەکات. 
 
شەوى 26ـی ئەیلوولی 2023، هۆڵى ئاهەنگگێڕانى هەیسەم لە حەمدانییە ئاگرى گرت، کارەساتێکی گەورەی لێکەوەتەوە. لە رووداوەکەدا 122 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەس بریندار بوون. ئەوکات تیمی تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەجێ گەیشتە شوێنی رووداوەکە و رووماڵێکی پرۆفێشناڵانەی بۆ تەواوی جیهان کرد. 
 
دەزگا میدیاییە گەورەکانی جیهان وێنە و ڤیدیۆ و زانیارییەکانی رووداویان کردە سەرچاوەی هەواڵەکانیان بۆ خوێنەر و بینەرانیان. ئاژانسە گەورەکانی جیهان وەکو ئەسۆشیەیتید پرێس و فرانس پرێس و ئینێکس کە بە دەیان هەزار هاوبەشیان لە جیهان هەیە، ڤیدیۆکانی رووداویان بە جیهان گەیاند. 
 
لە ساڵیادی رووداوەکانی حەمدانییە، کۆمەڵەی پەخشکارانی نێودەوڵەتی، ئەو رووماڵەی بە باشترین رووماڵی هەواڵی بەپەلە بەربژێر کردووە. 
 
سی ئێن ئین، ناشناڵ و تی ئاڕ تی لەسەر رووماڵکردنی رووداوەکانی غەززە بەربژێرکراون. بی بی سیش بە رووماڵکردنی هەواڵی دەستگیرکردنی جێفری دۆناڵدسەن، سیاسەتمەداری بەریتانیا بەربژێرێکی دیکەی خەڵاتەکەیە. هەروەها سی ئێن ئەی بە رووماڵکردنی کۆچی خەڵکی سیڤیلی فیلیپین بۆ باشووری چین لە کێبڕکێکەدایە.
 
رووداو جارێکی دیکە تاکە میدیایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەربژێر دەکرێت بۆ ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە و کێبڕکێ لەگەڵ میدیا بەهێزەکانی جیهان دەکات. هەروەها لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش جەزیرە، ئەلشەرق، زە ناشناڵ تەنیا سێ بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتی کۆمەڵەی پەخشکارانی نێودەوڵەتی. 
 
هاوکات بەشێکی دیکەی بەرچاوی میدیایی جیهانییەکان بە کاری جیاوازەوە کێبڕکێ بۆ خەڵاتەکانی کۆمەڵەی پەخشکارانی نێودەوڵەتی دەکەن. بلوومبێرگ، کەناڵ 4ی بەریتانیا، سی بی سی، فاینەنشڵ تایمز و دەنگی ئەمریکا بەشێکی دیکەن لەو میدیا جیهانییانەی کێبڕکی بۆ بردنەوەی خەڵاتە بەنێوبانگەکانی کۆمەڵەکە دەکەن. 
 
شاخەوان مەحموود بەڕێوەبەری ئاوتپووتی رووداو، باس لە رووماڵی رووداوەکەی حەمدانییە دەکات و دەڵێت، "ئەو شەوەی رووداوەکە روویدا، رووماڵێکی چڕمان دەستپێکرد، وێنەی کارەساتەکە و دەنگی کریستیانەکانمان گەیاندە هەموو جیهان".
 
کومەڵەی پەخشکارانی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا باس لە بەرزبوونەوەی ستانداردەکانی دیاریکردنی بەربژێرانی ئەم ساڵ دەکات و دەڵێت، "بەربژێربوون بۆ خەڵاتەکانی ئەم ساڵ دەستکەوتێکی بەرچاوە، چونکە ستانداردی بەشداریکردن لە سەرجەم پۆلەکانمان لە ساڵی 2024دا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە".
 
کۆمەڵەی پەخشکارانی نێودەوڵەتی ساڵی 1993 لە لەندەن دامەزرێندراوە و ژمارەیەکی بەرچاوی میدیای جیهانی وەک سی ئێن ئێن، دەنگی ئەمریکا، ئەی بی سی و عەرەبییە ئەندامی کۆمەڵەکەن. کۆمەڵەکە کار لەسەر بەهێزکردنی میدیا جیهانییە پیشەییەکان و خەڵاتکردنی کارە نایابەکانیان دەکات. 
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەت و فراواندا، رێکەوتی 22-11-2024 لە پایتەختی بەریتانیا، براوەکانی ئەم ساڵ ئاشکرا دەکرێن؛ تۆڕی میدیایی رووداو وەک بەربژێر بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراوە.