وەزارەتی دارایی: بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارە بێت و مووچە دابەش بکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو "لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە" دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە.
 
ئەمشەوی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی راگەیێندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی ئەو شاندە تەکنیکییەی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدایە، بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدای پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بودجەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و راگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن".
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەردوولا لەسەر چوار خاڵ گەیشتوونەتە تێگەیشتنی هاوبەش و رێککەوتن کە ئەمانەن:
                
1- شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکێشکرد کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دوایین جار داوای کردبوو. 
                                                      
2- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروستبووە کە بڕەکەی (243 ملیار دینارە)، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاریداوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب راگیرابوون، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە.

 

 
 
3- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بە ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستیپێکردووە.
                                                                                                  
4- کێشەکانی تایبەت بە دووبارەبوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کە هەمووی کێشەی هونەری بوون و هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا 31-12-2024 مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.
 
شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەولێرە؛ ئەمڕۆ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی مووچە رایگەیاند، "بەربەست و تێبینی و رێگری هەن، بەڵام رۆژانە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو چارەسەر دەڕۆین".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە رایگەیاند، ئەو شاندەی لیژنەی دارایی کە چەند رۆژێکە لە هەولێرە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە و درێژەپێدەری ئەو هەوڵانەیە کە لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەدرێن.
  
ئەمڕۆ عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەم ساڵ ساڵی کۆتایی کێشە داراییەکان دەبێت، گفتوگۆی جدییان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
سەرۆکی لیژنەکە باسی لەوەشکرد، "دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان و عێراق رەتدەکەینەوە، هەرچەندە لە عێراقیش هەندێجار مووچە دوادەکەوێت، بەڵام زۆر نییە".
 
گوتیشی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەو دواکەوتنە بیانووی خۆی هەیە، "ئێمە بەدواداچوون بۆ بیانووەکانیان و هۆکاری دواکەوتنەکە دەکەین".
 
شەوی سێشەممە شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر. لەگەڵ بەڕێکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندەکە چەندین دۆسیە تاوتوێ دەکات کە پەیوەستن بە داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجێکردنی مووچە، گومرگ، باج، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و رادەی پابەندبوون بە بەندەکانی بودجەی فیدراڵی ساڵانی (2023- 2025).
 
دوێنێ شاندەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا بە ئەندامانی لیژنەکەی راگەیاندووە، "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابێت بە سیاسی بکرێت و وەکو کارتی گوشار بەکاربهێنرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.