رووداو دیجیتاڵ
هەڵسەنگاندن کۆتایی هات و یەکەمین تێزی دکتۆرا لەبارەی میوزیکی ئایینیی ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.
ستوونی سەرەکیی توێژینەوەکە مێژووی زارەکیی کوردانی ئێزدییە لەسەر زاری قەوالەکان، ئەو چینەی هەزاران ساڵە دیرۆک و نهێنییەکانی ئایینی ئێزدیێتییان پاراستووە.
هەنگاو ئەنوەر، توێژەرە و دەڵێت: "بەڕاستی لای ئەوان میوزیک لە پێگەیەک دایە لەگەڵ پێگەی پیرۆزی ئایین دا هەمان ئاستە. واتە میوزیک هاوشانی بۆنە ئایینییەکان نییە بەڵکو بەشێکە لەوان."
مێژووی نەنووسراوەی کوردانی ئێزدی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵە لەلایەن قەوالەکانەوە پارێزراوە، بێ هۆ نییە شمشاڵی دەستیان لە ئاوی کانیا سپی پیرۆز دەکرێت.
د. سەعید خودیدە، ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنە و دەڵێت: "لەبیرمە ئێمە منداڵ بووین کاتێک گەرا تاوس لە ناوچە و گوندی ئێزدییان کە دەهاتە ماڵێک ژن و پیاو و منداڵ گوێیان لێدەگرت و ئێستاش دیسان لە نەوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە لە رێگەی ئەو میوزیکەوە دەگوازرێتەوە کە دەتوانم بڵێم یەکێکە رۆحیەتی مانەوە و یەکگرتنی ئێزدییەکان کە هەبوون و مێژوو و ئایینی ئێزدییەکان لەو میوزیکە دەردەکەوێت."
توێژینەوەکە سەلمێنەرێکی زانستییە بۆ رەسەنایەتیی ئایینی ئێزدی، مانەوەی ئەو ئایینە دێرینە گرێدراوی میوزیکە و دوانەیەکی لێکدانەبڕاون.
د. سروود فوئاد، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر دەڵێت: " ئەوەی گرنگە لێرە تێبینی دەکەین کۆنیی ئەم بابەتە بەو بەڵگانە سەلمێندراون کە لەو میتۆدە بەکارهاتوون. بەڕاستی زۆر پێشکەوتووە، توانیویەتی میوزیکی هەزار ساڵ بسەلمێنێت کە ئەم میوزیکە چۆن قۆناخ بە قۆناخ بووە بە فۆرم."
د. ئیحسان شاکر، سەرۆکی لیژنەکەیە و دەڵێت: "سەرسام بووم بەو ئاستە بەرزەی خۆڕاگری و دڵسۆزیی بۆ لەباوەشگرتن و پاراستنی دابونەریتیان. لە راستیدا ئەمە سیمای گەلێکی رەسەنە."
بەپێی توێژینەوەکە، میوزیکی کوردانی ئێزدی هێندە دێرینە کە بووەتە سەرچاوەی زانیاری لەبارەی ژیان و کولتووری کوردی بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ