بەشێک لە بەربژێر و لیستەکان پێشێلی رێکارەکانی بانگەشە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆستەری زۆر، گەورە و نزیک لە تابلۆکان بەرچاو روونی شۆفێرەکانی نەهێشتووە. ئەمە دۆخی هەر شۆفێرێکە بیەوێت لە بەشێکی شەقامە گشتییەکان بسووڕێتەوە. 
 
شوێنە گشتییەکان، جێگا ئایینی و کەلەپوورییەکان، دەرەوە و ناوەوەی هەموو فەرمانگە حکومییەکان بەپێی یاسای تایبەت بە هەڵبژاردن و بانگەشە قەدەخەیە.
 
کاروان کازم، شارەزای یاساییە و بە رووداوی گوت: "بانگەشە نابێت زیان بە ژینگەی گشتی بگەیێنێت، نابێت رێگە و شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت، نابێت فەرمانبەرانی نێو فەرمانگەکان و باڵەخانەکانە حکومییەکانیش بەکاربهێنرێن، ئەوانە ئەگەر بکرێت، تاوانی هەڵبژاردنن".
 
د. یاسین محەممەد، شارەزای یاسای هەڵبژاردنە و بە رووداوی راگەیاند: "هەندێک لە بەربژێرەکان پێش وادەی فەرمیی دەسپێکردنی بانگەشە، دەستیان بە بانگەشەکردن کردووە و لە میدیاکانیشەوە بانگەشەیان بۆ خۆیان کردووە، هەندێکیشیان پێش کاژێر 12:00ی شەوی دەستپێکردنی بانگەشە، هەندێکیان وێنە و پۆستەرەکانی خۆیانیان بڵاوکردەوە".
 
لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێر لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن، 16 سکاڵا لەسەر بەربژێر و لیستەکان تۆمار کراون. شەشیان بۆ لێپێچینەوە نێردراونەتە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، شەش لە سکاڵاکان لە سلێمانی و 10شیان لە هەولێر تۆمار کراون.
 
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی راگەیاند: "بەر لەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، چەند سکاڵایەکمان هەبوو. دواتریش سکاڵای دیکە هەبوو، بەتایبەت دوو لە سکاڵاکان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە پێشکەشکرابوون، ئەوانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و نێردراون بۆ لیژنەی ناوەندی و ئەوانیش دەیدەن بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران".
 
ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەبارەی رێکارەکانیەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران گوتی: "چاودێریی سەرجەم رێوشوێنەکان و کارەکانی بەربژێر و لیسیتەکان دەکەین و هەر کەس سەرپێچی بکات، یەکسەر دەیکەین بە راپۆرت و دەیدەنە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە بەغداد".
 
بەپێی یاسا، ئەگەر سەرپێچی لەسەر بەربژێرێک ساخ ببێتەوە، لەنێوان مانگێک تا ساڵێک زیاتر زیندانی دەکرێت یان بە 100 هەزار تا 50 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.