هەژماری من: بۆ مووچەی مانگی هەشت 120 هەزار کەسی دیکە لە رێگەی بانکەوە مووچە وەردەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی تیمی (هەژماری من) زیاتر لە 500 هەزار مووچەخۆر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە و زیاتر لە 280 هەزاریان کارتی ئەلیکترۆنییان پێ دراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوول، بەرپرسێک لە تیمی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی ئامێرەکانی پارە راکێشان زیاد کراوە بۆ 219 ئامێر لە 71 شوێنی جیادا".
 
بە گوێرەی (هەژماری من) بۆ مووچەی مانگی هەشت، بەراورد بە مووچەی مانگی حەوت 120 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری دیکە لە رێگەی پڕۆژەکەوە مووچە وەردەگرن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ هەشت بانکی جیا لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا بەشدارییان کردووە.
 
بەگوێرەی ئاماری تیمی پڕۆژەکە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێر 96٪ـی کۆی مووچەخۆران لە سیستمەکە تۆمار کراون. لە سلێمانی 35٪ و لە دهۆکیش 94٪ـی مووچەخۆران تۆمار کراون.
 
تاوەکو ئەمڕۆ لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، سۆران، کەلار، رانیە، زاخۆ، رۆڤیا، قوشتەپە، کۆیە، تەقتەق، خەلیفان، هەریر، پیرمام، چۆمان، شەقڵاوە، بلێ، رواندز، مێرگەسۆر، بنەسەڵاوە و خەبات ئامێرەکانی راکێشانی پارە ناسراو بە (ATM) دانراون.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی فەرمانبەران ببنە خاوەن کارتی بانکی. 
 
پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران. 
 
مانگی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (هەژماری من)ی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت".