لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق درێژە بە کۆبوونەوەکانی لە هەولێر دەدات
رووداو دیجیتاڵ
شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆش لە هەولێر درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
سامر زیبان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەتوان عەتوانی، ئەمڕۆش درێژە بە کۆبوونەوەکانی لە هەولێر دەدات، بڕیارە لەگەڵ وەزیرانی دارایی و سامانە سرووشتییەکان، دیوانی چاودێرانی دارایی و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقون-ی سەر بە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، جەختی لەوەکردەوە، لە کۆبوونەوەکان لێتێگەیشتنی ئەرێنی و باش هەن. هەمووان پێداگرن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان.
شەوی سێشەممە شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر. لەگەڵ بەڕێکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندەکە چەندین دۆسیە تاوتوێ دەکات کە پەیوەستن بە داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجێکردنی مووچە، گومرگ، باج، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و رادەی پابەندبوون بە بەندەکانی بودجەی فیدراڵی ساڵانی (2023- 2025).
دوێنێ شاندەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە، لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتیی هەرێمی کوردستان هەیە.
عەتوانی دەڵێت: "گرنگرتین بابەت کە گەنگەشەی لەسەر دەکەن پرسی نەوتە، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوت، کێشەکانی پەیوەست بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، کە ئەمانە کێشەی گەورەن".
گوتیشی لیژنەکەیان پێشنیازی کردووە پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان بکرێت، لە گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنانەوە بکرێتە گرێبەستی هاوبەشی قازانج، ئەو پێشنیازەش بۆ زیاتر دادپەروەرییە لە دابەشکردنی داهاتەکاندا.
سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، بەشی دیکەی ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی داهاتی نانەوتییە وەک گومرگ و باجەکان. هەروەها گوتی، هەمووان باوەڕیان وایە دواخستنی چارەسەرکردنی کێشەکان چارەسەر نییە، بگرە ئاڵۆزی زیاتر دروست دەکات.