رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، "79یەمین لووتکەی زانست" بەڕێوەدەچێت و وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گوتاری دەبێت.
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بە داوەتنامەی فەرمی لە لووتکەکە بەشدارە و گوتارێکی دەبێت کە تێیدا باسی "دۆخی ناوچەکە، چیرۆکی ئیدارەدانی قەیرانەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و فەراهەمکردنی زانستی کراوە" دەکات.
ساڵانە لەگەڵ کۆبوونەوە گشتییەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکات لووتکەی زانستیش بەڕێوەدەچێت.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشکرد، باسی گەشەکردنی خوێندنی باڵا و سێکتەری خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەکات لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا.
لووتکەکە ساڵانە کەسانی بڕیاربەدەست، بیرمەند، یاسادانەر و داهێنەر بانگهێشت دەکات بۆ قسەکردن لەبارەی ئاڵنگارییە زانستی و تەکنەلۆژییەکان کە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە.
کوالێتیی خوێندن، گۆڕانی کەشوهەوا، ژیریی دەستکرد، سیستمی خۆراک لە جیهان، پەروەردەی رەسەن و وزەی خاوێن بەشێکن لەو بابەتانەی لە لووتکەکەدا باس دەکرێن.
وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، بوونی کوردێک لەو لووتکەیە و گوتارەکەی ناساندنێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، سیستمی خوێندنی حکومەتەکەی.
یەکێک لەو خاڵانەی د. ئارام محەممەد لە گوتارەکەیدا لە بەرپرسانی ناوچەکە و جیهان داوای دەکات، پرسی ئاسانکارییە بۆ خوێندکاران و ئاڵوگۆڕی خوێندنە لەنێوان زانکۆکانی ناوچەکە و جیهان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ