کۆمیسيۆن بڕی ئەو پارەیە ئاشکرا دەکات کە لە بەربژێرانی سەربەخۆ، حیزب و هاوپەیمانێتییەکان وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، هەر حیزب، هاوپەیمانی و بەربژێرێکی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت بڕە پارەیەک وەکو رسوومات و لە بری وردبینییەکان بە کۆمیسیۆن، وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بدات. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت: بەشێکی ئەو پارەیە بۆ خەرجیی کۆمیسیۆن تەرخان دەکرێت، ئەوی دیکەی رەوانەی حکومەتی فیدراڵی دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر بەربژێرێکی سەربەخۆ بڕی یەک ملیۆن دیناری وەکو رسوومات بە کۆمیسیۆن داوە، هەروەها بڕی 250 هەزار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و 60 هەزار دیناریش بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە."
85 کەس وەکو بەربژێری سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کەواتە بڕی ئەو پارەیەی کە رادەستی کۆمیسیۆن کراوە '85 ملیۆن دینار' و ئەوەشی رادەستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراوە '21 ملیۆن و 250 هەزار دینار' بووە. ئەو بڕەشی کە رادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کراوە '5 ملیۆن و 100 هەزار دینار' بووە. بە کۆی گشتیی بەربژێرە سەربەخۆکان بڕی '111 ملیۆن و 350 هەزار دینار'ـیان داوە.
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جگە لە بەربژێرە سەربەخۆکان؛ حیزبە بەشدارەکان بڕی پێنج ملیۆن و هاوپەیمانییەکانیش 10 ملیۆن دیناریان داوە، جگە لەوەی کە بۆ هەر بەربژێرێکیشیان 310 هەزار دیناریان داوە."
11 حیزب و دوو هاوپەیمانی بە هەزار و 106 بەربژێرەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، ئەو حیزب و هاوپەیمانێتییانە بۆ بەشداریکردنیان '75 ملیۆن دینار'ـیان داوە، جگە لەوەی بۆ هەر بەربژێرێکیشیان بڕی 310 هەزار دیناریان داوە، کەواتە کۆی گشتیی پارەی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان بە بەربژێرەکانیانەوە '417 ملیۆن و 860 هەزار دینار' بووە.
کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی کە حیزب، هاوپەیمانیی بە بەربژێرەکانیانەوە لەگەڵ بەربژێرە سەربەخۆکان داویانە بە کۆمیسیۆن و وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕی '529 ملیۆن و 210 هەزار دینار' بووە.
مەروان محەممەد دەڵێت: "ئەو بڕە پارەیەی کە وەرگیراوە، جگە لە بەشی وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بۆ پێداچوونەوە و بەدواداچوونی ناوەکان وەرگیراون، بەشێکی دیکەی بۆ خەرجیی کۆمیسیۆن تەرخان دەکرێت و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە، لە رێگەی لیژنەی دارایی کۆمیسیۆنەوە رەوانەی حکومەتی فیدڕاڵی دەکرێت."
20ـی تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بەڕێوەدەچێت.