رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نێوخۆی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنیی سەردانی شنگال-ی کرد لە سنووری پارێزگای نەینەوا. لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، رەنگە رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە بە هێزەکانی نێوخۆ رابگەیێنێت.
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانی شاندەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری نێوخۆی عێراق بۆ لە نزیکەوە بە دواداچوون بۆ دۆخی ئەمنیی شنگال و ناوچە سنوورییەکان و رێوشوێنە ئەمنییەکان بووە.
وەزیری نێوخۆ، سەردانی بارەگەی فیرقەی 20ـی سوپای عێراق کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە کۆبووەوە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، وەزیری نێوخۆی عێراق سەردانی موسڵیش دەکات، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە.
محەممەد جاسم گوتی: جگە لە سنووری قەزای شنگال کە دۆسیەی ئەمنی هەر لە دەستی سوپا دەمێنێتەوە، رەنگە لەو سەردانەدا، وەزیری نێوخۆ رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی سنوورەکانی دیکەی نەینەوا لە سوپاوە بە هێزەکانی پۆلیس رابگەیێنێت، ئەگەرنا دەگەڕێتەوە بەغدا لەوێ رایدەگەیێنێت.
بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە، لە دوای 2003وە دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکان لەدەست سوپای عێراقە نەک وەزارەتی نێوخۆی بە دیاریکراوی پۆلیس، بەپێی کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی دەبێت سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لەنێو شارەکان بکشێنەوە و دۆسیەی ئەمنیی رادەستی پۆلیسی خۆجێی بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 15-05-2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە 2023دا دۆسیەی ئەمنیی شەش پارێزگامان وەرگرت. لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەنجامی نایابی پێشکێشکردووە. دەبێت لەم ساڵدا بگاتە 11 پارێزگا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ