سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: دواکەوتنی مووچە لە عێراقیش هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێشکەوتووی بڕیوە. گوتیشی، کێشەی دواکەوتنی مووچە لە عێراقیش هەیە.
 
شەوی سێشەممە شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر. لەگەڵ بەڕێکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندەکە چەندین دۆسیە تاوتوێ دەکات کە پەیوەستن بە داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجێکردنی مووچە، گومرگ، باج، بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و رادەی پابەندبوون بە بەندەکانی بودجەی فیدراڵی ساڵانی (2023- 2025).
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 26-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی بەدیان کردووە، هاوکاری هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی خاڵە ناکۆکەکان و پابەندبوون بە مادەکانی یاسای بودجە لە چوارچێوەی دەستوور و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی.
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە بەرپرسن لە داهاتەکان بە هەردوو بەشی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەوەش بۆ دڵنیابوونە بەشێوەیەکی راستەقینە، کە چەندە پابەندبوونە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەندەکانی یاسای بودجە".
 
عەتوان عەتوانی ئاماژەی بەوەدا هەندێک بابەت باسکراون، کە بەرپرسیاریێتی لیژنەی دارایی نییە، وەک دامەزراندنی دەرچووان و یەکەمەکان؛ بەڵام لیژنەکە زۆر بە جدی و وردی بەدواداچوون بۆ دامەزراندنەکان دەکات. ئەو بابەتە پێویستی بە پابەندبوونی دارایی هەیە.
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، "تاوەکو ئێستا بابەتی بەجێکردنی مووچە، یەکێکە لە پرسە هەڵپەسێردراوەکان، هەنگاوی پێشکەوتووی بڕیوە؛ بەڵام ئەم دۆسیەیە کۆتایی نەهاتووە".
 
عەتوانی گوتی، رژدن لەسەر ئەوەی ئەم ساڵ، ساڵی یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێت. هەمووان بیرلەوە بکەنەوە کە چۆن داهات زیاد بکەن، لە نەوت دوور بکەوینەوە کە تاک داهات کە 90٪ی داهات پێکدەهێنێت. پێناسی گومرگی و بە ئەلیکترۆنی کردنی باج و گومرگەکان جێبەجێ بکرێت. 
 
سەبارەت بەو ناکۆکیانەی تاوەکو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا ماون، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "هەندێ ناکۆکی هەیە لەبارەی فەلسەفە و چەمکی باج، کە ئایا فیدراڵییە، یاخود خۆجێییە. هەندێک باج هەیە هاووڵاتی دەیدات لەبەغدا فیدراڵیین، لە کاتێکدا باجی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان کاتێک دەدرێت بە باجی ناوخۆیی هەژمار دەکرێت، پێویستە باج یەکبخرێت و هەموو کار لەسەر زیادکردنی داهات بکەن."
 
بە گوتەی عەتوانی "قسەی باش"یان لە هەردوو حکومەت بیستووە سەبارەت بە پابەندبوونی راستەقینە بۆ هاوکاری و یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە. گوتیشی: "لیژنەی دارایی جدییە وەک چۆن چاودێریی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە داهاتی نەوتی و نانەوتی، بەهەمانشێوەش پێویستە بەدواداچوون بکات بۆ داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستانیش".
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەیان کرد و گوتی: "هاتووین بۆ ئەوەی بەدوادچوون بۆ راپۆرتی حکومەتی عێراق بکەن، کە باس لەوەدەکات ئەو داهاتە نانەوتییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدای دەکات کەمترە لەوەی پێشبینی دەکەن. پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەین."
 
عەتوانی راشیگەیاند، دەروازەی سنووریی پێویستە بچێتە ژێرباری چاودێریی بۆ ئەوەی زیادەیەکی راستەقینەی داهات هەبێت. کۆمەڵێک تێبینی هەیە تۆمارکراون، ئەمڕۆ بە وردی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی دەکەن بۆ دانانی رێگەیەک، کە هەمووان لەسەری کۆک بن و کۆتایی بەم ناکۆکیانە بێت.
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی گوتی: "دەبێت یەک زیادبوونی داهاتی گومرگی هەبێت، نابێت زیادبوونەکە لەسەر حیسابی لایەنی بەرامبەر بێت، پێویستە پێناسی گومرگی جێبەجێ بکرێت یەک داهاتی باجەکان لە تەواوی وڵات هەبێت و یەک بخرێت،  هەمان بڕ و شێوە بێت".
 
گوتیشی: " سیستمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی کراوە؛ بەڵام ئەو بڕە پارەی لە بازرگانان وەردەگیرێت زۆر کەمترە، ئەوەش وایکردووە هێنانی کاڵا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر بێت".
 
لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی دارایی گوتی: "راستە مووچە دواکەوتووە؛ بەڵام دواکەوتنەوە کەمە بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، تەنانەت ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵیش دوادەکەوێت".
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا ئەو بابەتەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی باسکردووە بۆ سنووردان و دانانی وادەی دیاریکراو، بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران. فەرمانبەران لە هەموو عێراق جا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یاخود ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
عەتوانی گوتی: "مووچە هێڵی سوورە. دواکەوتنی مووچە رەتدەکەینەوە جا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یاخود حکومەتی فیدراڵی بێت. بۆ ئەم کارە حکومەتی فیدراڵی هەندێک پاساوی هەیە، بەدواداچوونی بۆ دەکەین، پێموایە کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ رادەستکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان".