159 چاودێریی نێودەوڵەتى و 5 هەزار بریکارى لایەنەکان چاودێریى دەنگدان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

159 چاودێریی نێودەوڵەتى سەر بە پێنج رێکخراو و نێردەى دیبلۆماسی دوو وڵات، لەگەڵ زیاتر لە پێنج هەزار بریکارى لیست و بەربژێران چاودێریى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن.
 
بە گوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەستى کەوتووە، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 159 چاودێریی نێودەوڵەتى، چاودێریی پڕۆسەى دەنگدان دەکەن.
 
ئەو پێنج رێکخراوەى وەک نێودەوڵەتى ناویان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە، تاوەکو نوێنەرانیان بەشدار بن لە چاودێریی هەڵبژاردن، بریتین لە (رێکخراوى نێودەوڵەتى پێشمەرگە بۆ مافى مرۆڤ)، (رێکخراوى دۆستایەتى نێودەوڵەتى سویدى)، (رێکخراوى دۆستایەتیى نێودەوڵەتى فینلاندى) و (پەیمانگەى دیموکراسیى نێودەوڵەتىNDI) و کۆنسووڵخانەکان.
 
حەسەن قەبەس، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: جگە لەو پێنج رێکخراوە، چاودێرانى هەردوو کۆنسووڵخانەى بەریتانیا و فەلەستین لە هەرێمى کوردستان نوێنەریان بەشدارە لە چاودێریى هەڵبژاردن و ناویان تۆمار کردووە.
 
حەسەن قەبەس گوتى، "نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامى) هاوکارى کۆمیسیۆنە وەک کارى راوێژکاریى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان."
 
20ـی تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت دەکرێت.
 
ئارام جەمال، سەرۆکى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "چاودێرانى هەڵبژاردن لە ناوەندەکانى دەنگدان دەبن، بەڵام نابێت کاریگەریى لەسەر دەنگدەر دروست بکەن. راپۆرتى رێکخراوە بەشداربووەکانى چاودێریى دەنگدان رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێت لەسەر رەوشى بەڕێوەچوونى پرۆسەکە و ئەو پێشێلکارییانەى تۆمار دەکرێن."
 
جگە لە چاودێرانى نێودەوڵەتى، 31 میدیاکارى بیانى ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە بۆ رووماڵکردنى هەڵبژاردن، 207 چاودێرى نێوخۆیی و 5011 بریکارى لیست و بەربژێرانى سەربەخۆ بەشدار دەبن لە چاودێریى پڕۆسەکە.
 
136 لیست و191 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.