یەکێتی کۆنگرەی پێنجەمی دەبەستێت؛ 'ژمارەیەکی کەم میوان بانگهێشتکراون'

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی چوارشەممە کاژێر 9:00ی بەیانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە سلێمانی ببەستێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، کۆنگرەکە لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی دەبەسترێت و ژمارەیەکی کەم میوان بانگهێشتکراون.
 
لە دوو رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا، پەیڕەو و هەیکەلی نوێی حیزب ئاشکرا دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، لە سێیەم رۆژدا دەرگەی خۆ بەربژێرکردن بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکرێتەوە و دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێردرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە هەفتەی یەکەمی دوای کۆنگرە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕی هەڵدەبژێردرێن، ئەوانەشی کە دەرناچن، لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی پێشوو، ئەنجوومەنێکی راوێژکارییان بۆ دروستدەکرێت و لەوێ دەبنە ئەندام.
 
پەیامنێری رووداو گوتی "لەبارەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییەوە، تاوەکو ئێستا دوو رای جیاواز هەن، یەکەمیان ئەوەیە کە بگۆڕدرێت بۆ ئەنجوومەنی راوێژکارانی یەکێتی. دووەمیش دەڵێت: وەکو خۆی بمێنێتەوە".