رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆری میدیایی رووداوی گوت، لە بەردەوامیی تووندوتیژییەکانی پارێزگای دێرەزوور نیگەرانن و دەڵێت، "ئەو گرژییانە ژیانی خەڵکی ئاڵۆزتر دەکەن."
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2023، ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیاری سینان توندجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک لەبارەی گرژییەکانی پارێزگای دێرەزوور رایگەیاند، ئەوان نیگەرانن، چونکە ئەو تووندوتیژییە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخی خەڵکی ناوچەکە.
ستێفان دوژاریک بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە زۆر نیگەرانین لە بەردەوامیی تووندوتیژی لەو ناوچانەی سووریا کە ژیانی خەڵکی سڤیل، کە چەندین ساڵە رووبەڕووی تووندوتیژی و دۆخێکی زەحمەتی مرۆیی بوونەتەوە، ئاڵۆزتر دەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، چەکدارانی نزیک لە حکومەتی سووریا دزەیان کردووەتە ناوچەی زیبان لە دێرەزوور و دوای چەند کاژێرێک لە شەڕ و پێکدادان، توانیویانە چەکدارەکان دووربخەنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، بەهۆی شەڕ و پێکدادانە نوێیەکانەوە، 25 کەس کوژراون کە 21یان چەکداری نزیک لە حکومەتی سووریا بوون و سیانیان شەڕڤانی هەسەدە بوون، ژنێکی سڤیلیش لە شەڕەکەدا کوژراوە.
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات کە ژمارەیەک چەکدار لە شارۆچکەی مەیادینی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریاوە چوونەتە نێو شارۆچکەی زیبان و حکومەتی سووریاشی بەوە تۆمەتبار کرد کار دەکات بە مەبەستی دروستکردنی ناسەقامگیری.
گرژییەکانی رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، دوای ئەوە دێن لە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە چەکدارانی هۆزە عەرەبەکانی دێرەزوور دروستبوو. ئاڵۆزییەکە 10 رۆژی خایاند و نزیکەی 90 کەس کوژران.
سەرەتای کێشەکانی دێرەزوور بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رۆژی 27ـی ئابی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای حەسەکە، هەسەدە، ئەحمەد خەبیل ناسراو بە ئەبو خەولە، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزووری بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ