لە سنە چوار کەس بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێک دەستگیر دەکرێن

26-09-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانیان چوار کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێکی شارەکە دەستگیر کردووە و ئەو کەسانە رادەستی دادگە کراون.
 
فەرامەرز شاکری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئەیلولی 2023، رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نێوان ژمارەیەک گەنج لە فولکەی نەبووەتی شاری سنە دەمەقاڵێ و شەڕ دروست دەبێت کە لە شەڕەکەدا کەسێک دەکوژرێت.
 
فەرامەرز شاکری دەڵێت، "بکوژ لە شەڕەکەدا گەنجێکی شاری سنە دەداتە بەر چەقۆ، بەو هۆیەوە گەنجەکە گیان لەدەست دەدات، دواتر بکوژەکە لەو شوێنە هەڵدێت."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە ئاماژە بەوش دەکات، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، توانییان شوێنی خۆحەشاردانی بکوژەکە دەستنیشان بکەن و دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەو کەسە لەگەڵ سێ کەسی دیکە دەستگیر بکەن، کە هاوکارییان کردووە.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، دۆسیەی یاساییان بۆ ئەو 4 تۆمەتبارە کردووەتەوە و دواتر ئەو کەسانە بە مەبەستی سزادانیان رادەستی لایەنە پەیوندیدارەکانی دەستەڵاتی دادوەری پارێزگاکە کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە