رووداو دیجیتاڵ
دواى هەفتەیەک لە کارکردن و نۆژەنکردنەوە، تەلارى هونەر ئامادەکراوە بۆ ئەنجامدانى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە 600 ئەندام بەشداری تێدا دەکەن و سێ رۆژ دەخایێنێت. بڕیارە لەم کۆنگرەیەدا سەرۆکی یەکێتی دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت کە دیارترینیان دیاریکردنی کات، وادە و تەوەرەکانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییە.
گەورەترین ئامانجی ئەو کۆنگرەیە کۆتاییهێنانە بە گرفتەکانى دوو ساڵى رابردووى نێوان هاوسەرۆکانى پێشوو. جەبار محەممەد، ئەندامى مەڵبەندى سلێمانیی یەکێتى بە رووداوی گوت، "ئەو کۆنگرەیە بۆ داڕشتنى ستراتیجى یەکێتییە بۆ چوار ساڵ و بەو هیوایەین کە بتوانێت هەموو گرفتەکانى دواى کۆنگرەى چوارەم چارەسەر بکات."
دکتۆر بەختیار عوبێد، راوێژکارى مەکتەبى پەیوەندییەکانى یەکێتى گوتی، "دواى کۆنگرەى پێنج، بڕیارەکان دەبن بۆ کۆدەنگی، بۆیە بەو گۆڕانکارییانەى کە دەکرێت، یەکێتییەکى نوێ دروست دەبێت."
بەپێى رەشنووسى پەیڕەوى نێوخۆى یەکێتی، سەرۆک دەسەڵاتەکانى زیاتر دەبن، بەشێک لە دەسەڵاتەکانى بەو جۆرەیە:
- دیاریکردنی کات، وادە و تەوەرەکانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی
- پارێزەر و سەرپەرشتیاری گشتیی سیاسەت، بەرژەوەندییەکان و پەیوەندییەکانی یەکێتی
- لێپرسینەوە لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
- پلە بەرزکردنەوە، پێدانی پۆست و بەرپرسیارێتی بە ئەندامانی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی دیکە
- پێشنیازکردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی
- دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئەنجوومەنی پشتیوانى
هێمن غازى، ئەندامى مەڵبەندى سلێمانیى یەکێتی باسی لەوە کرد، "یەکێتى پێویستى بە بەخۆداچوونەوە و نوێبوونەوە و ناوەندى بوونە، بۆیە یەکێتى بەهێز بێت، کوردستان بەهێز دەبێت."
عەلى لەتیف، کادیرى پێشکەوتووى یەکێتى گوتی، "بەشێک لە کێشەى نێوان هاوسەرۆکان کۆتایی هاتوون، بەشەکەى دیکەى لە رووى یاسایی و حیزبییەوە لەو کۆنگرەیەدا چارەسەر دەکرێت."
لە کۆنگرەی پێنجەمدا، ئەندامانی مەکتەبى سیاسى کەم دەکرێنەوە بۆ 11 ئەندام، سەرکردایەتى لە 124ـەوە بۆ 51 و ئەنجوومەنى باڵاش دەکرێت بە ئەنجوومەنى پاراستنى بەرژەوەندییەکان و دەبنە 21 کەس، 100 کەسیش لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دەکرێن بە ئەندامى ئەنجوومەنى پشتیوانى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ