گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: بەشداریی کۆنگرەی پێنج ناکەم
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکات کە بڕیارە سبەی لە سلێمانی ببەسترێت.
رۆژی سێشەممە 26ـی ئەیلوولی 2023، سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکات و نابێتە بەشێک لە "کەرتبوونی" حیزبەکەی.
سۆران جەمال تاهیر گوتی، "من وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی یەکێتی کە کوڕی شەهیدێکی سەرکردەی ئەو حیزبەم، نامەوێ ببمە هۆکارێک بۆ لەتبوونی حیزبەکەم".
جگە لە سۆران جەمال تاهیر، چاوەڕوان دەکرێت چەندین کەسی دیاری نێو یەکێتی بە پاساوی جیا بەشداریی کۆنگرەکە نەکەن، لەوانەش مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و بەرهەم ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتی.
هەروەها بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە چاوەڕوان دەکرێت هەریەکە لە کۆسرەت رەسوول عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەشداریی کۆنگرەکە نەکەن.
جگە لەوانە، چەند کەسێکی دیکە کە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگیدا بوون و لە کۆنگرەی چوارەمدا بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردران و دوای رووداوەکانی 8ـی تەمموزی 2021 لە یەکێتی دوورخرانەوە، بەشداریی کۆنگرەکە ناکەن.
بڕیارە سبەی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی 600 ئەندام لە شاری سلێمانی ببەسترێت.