ئەمساڵ لە ئیلام 4,500 نەخوێندەوار فێری خوێندن و نووسین دەکرێن

26-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پلانیان وایە بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەرفەتی خوێندن بۆ 4 هەزار و 500 نەخوێندەوار دابین دەکەن.
 
بەهرۆز حەیدەری، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و فێرکردنی ئیلام بۆ کاروباری فێرکردن رایگەیاند، پرۆسەی فێرکردنی کەسانی نەخوێندەوار و هەموو خزمەتگوزارییەکانی پەروەردەیی بۆ ئەو کەسانە بێ بەرامبەرە و لە هەموو قوتابخانەیەکی سنووری پارێزگاکە دەکرێت خولی تایبەتی فێرکردن بۆ ئەو کەسانە بکرێتەوە.
 
حەیدەری گوتی، مامۆستایان و فەرمانبەرانی حکومەت دەتوانن وانە بە کەسانی نەخوێندەوار بڵێن و کۆمەڵە و رێکخستنەکانی ناحکومیش دەتوانن لەو پرۆسەیەدا هاوکار بن.
 
بە گوتەی بەهرۆز حەیدەری بەپێی ئەو سەرژمێرییە گشتییەی کە ساڵی 2016 لە ئێران کراوە، 21 هەزار و 339 کەس لە سنووری پارێزگای ئیلام کە تەمەنیان لە نێوان 10 تاوەکو 49 ساڵانە، نەخوێندەوارن.
 
حەیدەری ئاشکرای کرد، تێکڕای رێژەی خوێندەواری لە پارێزگای ئیلام دەگاتە 94.5٪ کە زۆر نزیکە لە تێکڕای رێژەی خوێندەواری لە سەرانسەری ئێران کە 94.7٪ـە.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و فێرکردنی ئیلام هەروەها دەڵێت، زۆرترین رێژەی خوێندەواری کە 96.87٪ـە، لە قەزای ئیلامە و کەمترین رێژەش لە قەزای سیروانە کە 90٪ـە.
 
حەسەن عەسکەری، قایمقامی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بە گشتی 34 هەزار و 657 کەس لە دانیشتووانی پارێزگای سنە نەخوێندەوارن کە تەمەنیان لە نێوان 10-49 ساڵدایە و ئەمساڵ 13 هەزار و 800 کەسیش کە خوێندەوارییان کەمە، فێری خوێندن و نووسین دەکرێن. بە گوتەی قایمقامی سنە، لەو ژمارەیە 4 هەزار کەس دانیشتووی ئەو شارەن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە یوسف نووری، وەزیری پێشووی پەروەردەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لە سەرانسەری ئەو وڵاتە نزیکەی 9 ملیۆن کەسی نەخوێندەوار هەن، کە دەکاتە نزیکەی 10٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە