کۆنگرەی یەکێتی و سەرکردەکان لەنێوان بەشدارینەکردن و دوورخستنەوەدا

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی (چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023) کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بە بەشداریی 600 ئەندام دەبەستێت. لەم کۆنگرەیەدا، چەندین گۆڕانکاری دەکرێن و چەند سەرکردەیەکی یەکێتیش دەستبەرداری کاری حیزبی دەبن، دیارترینیان مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانە کە رۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا بەشدارینەکردنی خۆی لە کۆنگرەدا راگەیاند.  
 
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، د. سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە ناکات. 

 

بۆچی مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح بەشداریی کۆنگرە ناکەن؟
 
لە پەیامەکەی مەلا بەختیاردا دەردەکەوێت، سەرەڕای رای جیاواز، دەیەوێت ئەنجوومەنی باڵای سیاسی دەسەڵاتی هەبێت و کارەکانی دیاربێت، هەروەها ئەندامەکانی لە لایەن سەرۆکەوە دیارینەکرێن، بەڵام بەرهەم ساڵح، بەبێ هیچ پەیامێکی ئاشکرا، بەشداری ناکات.
 
رووداو لە کەسێکی نزیکییەوە زانیویەتی، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە پشکی یەکێتی، ئێستا بە گەشتێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و بەشداریی کۆنگرە ناکات، بەڵام بەرلەوەی گەشتەکەی بکات بە حیزبەکەی راگەیاندووە، پشتگیریی لە سەرکەوتنی کۆنگرە دەکات.
 
مەلا بەختیار لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات "ئۆباڵی نەچوونی من و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا بۆ کۆنگرە لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانییە." باس لە دیدارێکیشی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی دەکات، کە "جگە لە گفتوگۆ، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە." 
 
مەلا بەختیار رایگەیاند "رای گشتی و لایەنە سیاسییەکان ئێستا چاودێری چۆنیێتیی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەکەن و، تەنیا ئەو ئەندامانەی یەکێتی نەبێت، کە کەرامەتی سیاسی و حیزبییان لا گرنگ نییە، ئەوانی دیکە خەمێکی گەورە دایگرتوون بەرامبەر رێوشوێنی کۆنگرەکە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە دیدارێکی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەکات و دەڵێت "زیاتر لە سەعات و نیوێک قسەمان کرد، ئەو پێیوایە یەکێتی دۆخی زۆر باشە، یەکگرتووە، لە هەڵبژاردن سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنێت و پێیوایە هەموو دەوڵەتان لێی رازین و سیاسەتەکانی تەواون، باسی لەوەش کرد، کە دوو مانگی دیکە سەردانی تورکیا دەکات و، کێشەکانیان لەگەڵ چارەسەر دەکات، بەڵام ئەنجامێکی پێچەوانەمان بینی."
 
مەلا بەختیار لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گوتیشی "دیدارەکەمان جگە لە گفتوگۆ، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبوو بۆ ئەوەی بتوانم بڕیار بدەم، خەڵکی دیکەش چاوەڕوانیان دەکرد ئەو گفتوگۆیە بگاتە ئەنجام، بەڵام ئەنجامی نەبوو."
 
یەکەمجارە یەکێتی لە چوار ساڵدا دوو کۆنگرە ببەستێت
 
رۆژی 27ـی ئابی رابردوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە و باسی ئامادەکارییەکان بۆ پێنجەمین کۆنگرە کرا، رۆژی دواتر (28ـی ئاب) ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی بڵاویکردەوە "هیممەت و ئازایی سەرۆك و بڕیاری مەدرووسی كۆنگرە، هەر خۆی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەوەی وەك چۆن لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەرۆكایەتی كاروانە سیاسی و دیپلۆماسییەكەی كورد و یەكێتی لە ناوخۆ و عێراق و دەرەوەدا كرد، بۆ داهاتووی دوای كۆنگرەش هەر رابەرایەتیی یەكێتی و قۆناخە مێژووییەكە بكات"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەنجامی کۆنگرەی پێنجەم، کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی دەمێنێتەوە و چاوەڕوانی سوپرایز ناکرێت، وەکو ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە "بۆ دوای كۆنگرەش، هەر رابەرایەتیی یەكێتی بكات."
 
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، لە 21-12-2019 بەسترا. رۆژی چوارشەممە 27ـی ئەیلوول، یەکێتی پێنجەمین کۆنگرە دەبەستێت، ئەمەش یەکەمین جارە لە مێژووی 48 ساڵەی تەمەنی یەکێتیدا، لە چوار ساڵدا دوو کۆنگرە ببەستێت.
 
گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان:
 
یەکێک لەو گۆڕانکارییە سەرەکییانەی لەم کۆنگرەیەدا یەکێتی دەیکات، بچووککردنەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە لە 121 ئەندامەوە بۆ 51 ئەندام؛ سەرکردایەتییەکی بچووکتر، وەکو پێشوو.
 
لە بەدواداچوونێکی رووداودا، زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن؛ ئەمجارە یەکێتی کۆنگرەیەک دەکات، کە پێشتر ئەنجامەکەی لە دەرەوەی کۆنگرە یەکلادەکرێتەوە.
 
رووداو زانیویەتی، لەو کۆبوونەوەیەدا بافڵ تاڵەبانی بە ئەندامانی سەرکردایەتیی گوتووە، کۆنگرەی ئەمجارە جیاواز دەبێت و هیچ بەربژێرێکی سەرکردایەتی هەوڵنەدات خەرجی بکات و خوان بۆ لایەنگرانی رێکبخات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و پشتگیری لەنێو کۆنگرەدا، چونکە میکانیزم و رکابەرییەکە بەو شێوەیە نابێت کە لە کۆنگرەکانی پێشوودا کراوە.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە لیستێک کردووە کە رۆژی کۆنگرە ئاشکرا دەکرێت و، لیستی خۆی دەبێت بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
 
لیستەکەی بافڵ تاڵەبانی
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکی یەکێتی لە کۆنگرەدا لیستێک بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەخاتەڕوو و دەبێتە لیستی براوە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، کە بە سەرۆکەوە لە 51 ئەندام پێکدێت.
 
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەنێو یەکێتی ئەو لیستەی پشتڕاستنەکردووەتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی مانگی ئابدا بە ئەندامانی ئێستای سەرکردایەتی راگەیاندووە.
 
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لیستەکەی سەرۆکیان نەبینیوە، بەڵام بیستوویانە، گوتی "ئێمەش لە راگەیاندن گوێمان لێبووە، ئەگەر سەرۆکی یەکێتی لیستیشی هەبێت، دەبێت کۆنگرە بڕیاری لەسەر بدات."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دەستیکەوتوون، لەنێو کۆنگرەدا سەرۆکی یەکێتی لیستەکە رادەگەیێنێت و دەڵێت، کە ئەو پشتگیری ئەو لیستە دەکات.
 
هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی و سەرۆک
 
لەو 51 ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، 30 ئەندامیان لە ئەندامە کۆنەکان دەبن، هەروەها 21 کەسیان ئەندامی نوێ دەبن، پێنج ئەندامی یەدەگیش هەڵدەبژێردرێن.
 
رۆژێک دوای کۆنگرە، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، سەرۆک هەڵدەبژێرن و لە هەفتەی یەکەمی دوای کۆنگرەش، کۆدەبنەوە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن.
 
ماوەیەکە لەنێو یەکێتی ئامادەکاری بۆ پێکهاتەی ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی دەکرێت، بەشێوەیەک کە هەر شارێک پشکی خۆی هەیە و کورسییەکان دابەشکراون. ئەمە جگە لەوەی سەرۆک خۆیشی ژمارەیەک ئەندام دەستنیشان دەکات.
 
دابەشبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی
 
پارێزگای هەولێر، کە زیاتر کوڕەکانی کۆسرەت رەسوول عەلی سەرپەرشتی دەکەن، 10 ئەندامی سەرکردایەتی دەبێت، لەو 10 ئەندامە حەوتیان لەلایەن کوڕەکانی کۆسرەت رەسوولەوە دەستنیشان دەکرێن و سیانیان لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە، بەڵام ئەوانەی کوڕەکانی کۆسرەت رەسوولیش دەستنیشانیان دەکەن, دەبێت رەزامەندی بافڵ تاڵەبانییان لەسەر بێت.
 
هەروەها پارێزگای کەرکووک 12 ئەندامی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێی یەکێتیدا دەبێت، لەو ژمارەیە حەوت ئەندامیان لەلایەن سەرکردە کەرکووکییەکانی یەکێتیییەوە دەستنیشان دەکرێن، وەکو رەفعەت عەبدوڵڵا و ئاسۆ مامەند، پێنج ئەندامیش لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە، بەڵام ئەو حەوت ئەندامەی سەرکردە کەرکووکییەکانیش دەستنیشانیان دەکەن, دەبێت رەزامەندی سەرۆکی یەکێتییان لەسەر بێت.
 
سەرۆکی یەکێتی خۆی نزیکەی 20 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەستنیشان دەکات. هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی دەستنیشان دەکات، کە نزیکەی حەوت ئەندام دەبن.
 
لە کۆبوونەوەکەی 27ـی ئابدا، بافڵ تاڵەبانی بە ئەندامانی سەرکردایەتی راگەیاندووە، کۆنگرە رۆژ و تاقێک دەخایەنێت. 
 
ئەم پێکهاتەیەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، تاوەکو ئێستا لەلایەن هیچ ئەندامێکی یەکێتیییەوە بە ئاشکرا باس نەکراوە، ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت "لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا رەچاوی نوێنەرایەتی هەموو ناوچەکان دەکرێت."
 
مەرجەکانی ئەندامبوون لە سەرکردایەتی
 
بۆ ئەندامبوون لە ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتیی یەکێتی، چەند مەرجێک هەن، لەوانە ئەندامی سەرکردایەتی نابێت پۆستی ئەمنی و سەربازی هەبێت، ئەگەر ئێستاش پۆستی ئەمنی و سەربازی هەبێت، دەبێت دەستبەرداری بێت.
 
رووداو زانیویەتی، دەبێت ئەندامی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی تەمەنی لە 35 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
خاڵێکی دیکە کە پەیڕەو دەکرێت هێنانە پێشەوەی رووخساری نوێیە بۆ نێو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لانیکەم دەبێت 21 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێ بن، واتە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی نەبووبن، بەڵام دەکرێت بەرپرسیاریێتی دیکەیان لەنێو یەکێتیدا هەبووبێت.
 
لە 600 ئەندام، 100ـیان سەرۆک دیارییان دەکات
 
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی 600 ئەندامی دەبێت، کە 260 ئەندامی بە هەڵبژاردن لە مەڵبەند و مەکتەبەکانی یەکێتییەوە هەڵبژێردراون و ئەندامی کۆنگرەن، هەروەها 100 ئەندامی کۆنگرەش لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە دەستنیشان دەکرێن.
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئێستا، ئەندامانی ئێستا و پێشووی مەکتەبی سیاسی و پێشمەرگەکانی 1976 کە بە مەفرەزە سەرەتاییەکان ناسراوە، راستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنگرەی یەکێتی.
 
سێ ئەنجوومەن و سەرۆکی بێ جێگر
 
یەکێتی لە پێنجەمین کۆنگرەیدا، سێ ئەنجوومەن دروستدەکات، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، کە پێشنیاز کراوە ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، هەروەها ئەنجوومەنی پشتیوانی.
 
 
ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی، ئێستا کە ژمارەیان 120 کەسە، دەکرێنە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی کە کاریان راوێژ و چاودێریکردن دەبێت.
 
هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی پێکدێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانیاندا بکرێت.
ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت "ئەنجوومەنەکە دەستی دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی یەکێتیدا."
 
بەڵام هێشتا یەکلانەکراوەتەوە کێن ئەوانەی سەرۆکایەتیی ئەم ئەنجوومەنانە دەکەن، پێشنیازێک هەیە سەرۆکی یەکێتی، هاوکات سەرۆکایەتی هەموو‌ ئەنجوومەنەکانیش بکات. سەرۆکی یەکێتی هەروەها، جێگری نابێت و کارگێڕیشی نابێت.
 
ئەو سەرکردە دیارانەی بەهۆی نەخۆشییەوە بەشداریی ناکەن
 
چەند سەرکردەیەکی باڵا و دیاری یەکێتی، بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمدا ناکەن، بەشێکیان تەندروستییان رێگرە و بەشێکی دیکەشیان ناڕازین. کۆسرەت رەسوول عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، چەند ساڵێکە تەندروستیی ناجێگیرە و هەر بەو هۆیەش ناتوانێت بەشداریی بکات، هەروەها هەریەکە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر فەتاح، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بە هەمان هۆ ناتوانن بەشداری بکەن.
 
ئەو ژنە سەرکردە و دیارانەی بەشداری ناکەن یان دوورخراونەتەوە
 
لە کۆنگرەی ئەمجارەدا، چەندین سەرکردەی دیاری یەکێتی هەن کە بەشداری ناکەن، بەشێک لەوانە ناڕازین و نایانەوێ بەشداربن، بەشێکیشیان دوورخراونەتەوە و رێگەی بەشداریکردنیان پێنادرێت.
 
ئاڵا تاڵەبانی، کە پوورزای بافڵ تاڵەبانییە و ئەندامی سەرکردایەتی و ساڵانێکیش سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە بووە لە پەرلەمانی عێراق، یەکێکە لەو کەسە دیارانەی بەشداریی کۆنگرە ناکات. 
 
هەرچەندە ئاڵا تاڵەبانی پێشتر بە رووداوی گوتبوو "جارێ نازانم بەشداریی کۆنگرە دەکەم یاخود نا، چونکە هیچیان پێم نەگوتووە"، بەڵام بەشدارینەکردنی یەکلایی بووەتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەند ژنە سەرکردەیەکی دیکەش بەشداریی لەم کۆنگرەیەدا ناکەن، لەوانە: فێنک ئەحمەد قادر، شلێر ژاژڵەیی، ژینۆ محەممەد و پەروین کاکەحەمە.
 
ئەو سەرکردانەی بەشداریی کۆنگرە ناکەن 
 
لەنێو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیدا، چەند سەرکردەیەکی دیار ئامادەنین بچنە کۆنگرە و ژمارەیەکیشیان رێگەیان پێنادرێت. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دیارترین ئەو سەرکردانەی بەشداری لە کۆنگرەدا ناکەن ئەمانەن: قادر عەزیز، حامید حاجی غالی، شۆڕش ئیسماعیل و چەتۆ ساڵح.
 
ئەو فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان نابنەوە بە ئەندامی سەرکردایەتی
 
لەنێو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئێستای یەکێتیدا، چەند کەسێک هەن کە فەرماندەی ئەمنی و سەربازیشن، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هەر کەسێک فەرماندەی ئەمنی و سەربازی بێت، نابێتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی. دیارترینی ئەو کەسانە ئەمانەن:
 
مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی هێزەکانی یەکەی 70ـی پێشمەرگە.
وەستا رەسوول، ئەندامی سەرکردایەتی و فەرماندەی پێشمەرگە.
هەروەها هەریەکە لە چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و وەستا حەسەن، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی سلێمانی، بەشداریی لە کۆنگرەکەدا ناکەن و لە سەرکردایەتی دوور دەکەونەوە.
 
چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی
 
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبە، سیستمی هاوسەرۆکی چەسپێنرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لە 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستەمەکە هەڵوەشێنرایەوە و، لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە و خۆی بووە سەرۆک.
 
رووداو زانیویەتی لاهوور شێخ جەنگی، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش کە نزیکی ئەون، بەشداری لە کۆنگرەکەدا ناکەن لەوانە: ئاراس شێخ جەنگی، فێنک ئەحمەد، ژینۆ محەممەد، سەردار هەرکی، پەروین کاکەحەمە، شادومان مەلا حەسەن، رێبوار جاف، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی. 
 
ئاراس جەنگی: کۆنگرە بۆ ئەوەیە بافڵ بکەنە سەرۆک و شتێک بەناوی یەکێتییەوە نامێنێت
 
ئاراس شێخ جەنگی، برا گەورەی لاهوور شێخ جەنگی و ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی، یەکێکە لەو سەرکردانەی هەر زوو بەشدارینەکردنی خۆی لە کۆنگرە راگەیاند و، بە رووداوی گوت "بەشداریی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا ناکەم، چونکە ئەم کۆنگرەیە هیچ شەرعییەتێکی نییە."
 
ئاراس شێخ جەنگی لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو دەڵێت "لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییان ئامادەکردووە و ئەوانەشی نابێت بەشداربن یاخود دەربچن، دەستنیشانکراون، هەروەها بڕیاریانداوە هەندێ لە سەرکردە دێرینەکان بگەڕێننەوە، ئەمە تەسفیە حیسابە و دەشیانەوێ کاک بافڵ بە رەسمی بکەنە سەرۆک."
 
ئاراس شێخ جەنگی لە پەیامێکیشدا، کە رۆژی دووشەممە 25-09-2023 بڵاویکردەوە، رایگەیاند "دوای دوو رۆژی دیکە (سبەی چوارشەممە) شتێک نامێنێت بەناوی یەکێتییەكەی مام جەلال، حیزبێکی نوێ‌ لەمانە دروست دەكرێت، کە هەردەم لە دژی مام جەلال کاریان کردووە. پێموایە ئێستا کۆمەڵێک کەس دەستیان گرتووە بەسەر یەکێتی و بەکاریدەهێنن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و خەڵکە تێکۆشەر و ماندووەکانیش پەراوێز دەخرێن."
 
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لە ساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە، لە سێ کۆنگرەدا، جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبەدا لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی، بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد و هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک.
 
کۆنگرە و پلنیۆمەکانی یەکێتی لە 1975 تاوەکو 2023 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 1-06-1975 دامەزراوە، دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندووە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
 
لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا. 
لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست. 
لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست. 
لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد.
 
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 48 ساڵی تەمەنیدا، پێنج پلنیۆمی بەستووە.
 
ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش یەکەمین پلنیۆمی بەست
ساڵی 1995 لە هەولێر دووەمین پلنیۆمی بەست
ساڵی 2007 لە قەڵاچوالان سێیەمین پلنیۆمی بەست
ساڵی 2009 لە سلێمانی، چوارەمین پلنیۆمی بەست
ساڵی 2013 لە سلێمانی، پێنجەمین پلنیۆمی بەست
 
جگە لە کۆنگرە و پیلینۆمەکان یەکێتی لە تەمەنیدا دوو کۆنفرانسیشی سازکردووە:
 
- یەکەم: لە 31-8 تاوەکو 12-9-1977 لە برادۆست.
- دووەم: 2-18ـی ئاداری 1980 لە ناوزەنگ