رووداو دیجیتاڵ
بەرهەم ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداری کۆنگرەی پێنجی حیزبەکە ناکات، کە رۆژی چوارشەممە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح رۆژی سێشەممە 26-09-2023 دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون "بەرهەم ساڵح لە ئەمریکایە. ئەو سەفەرەش پێش چەند مانگێک پلانی بۆ دانراوە بۆیە بەشداری کۆنگرە ناکات." بەڵام ئەو سەرچاوەیە رەتیکردەوە کە سەفەرەکەی کاردانەوە بێت لە دژی کۆنگرە و گوتی "بەرهەم ساڵح لەگەڵ کۆنگرەدا نییە، بەڵام دژایەتیشی ناکات و نابێتە بەرەی دژ بە کۆنگرە و هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆنگرە خواستووە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی پێش سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کۆبووەتەوە و داوای لێکراوە بەشداری کۆنگرەش بکات.
بڕیارە سبەی (چوارشەممە، 27-09-2023) کاژێر 09:00ـی بەیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە سلێمانی ببەستێت.
لە دوو رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا، پەیڕەو و هەیکەلی نوێی حیزب ئاشکرا دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، لە سێیەم رۆژدا دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکرێتەوە و دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێردرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژوەندییەکانی یەکێتی، هەریەک لە "مەلا بەختیار، عەدنان موفتی و حاکم قادر حەمەجان" بەشداریی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکەن. هەروەها کۆسرەت رەسوول عەلی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر فەتاح بەهۆی باری تەندروستییانەوە بەشداری ناکەن.
هاوکات، جگە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی کە لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەمموزی ساڵی 2021 لە یەکێتی دوورخرایەوە، ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بەشداری کۆنگرە ناکەن، لەوانە: لیوا چەتۆ ساڵح، ئاراس شێخ جەنگی، فێنک ئەحمەد، ژینۆ محەممەد، سەردار هەرکی، پەروین کاکەحەمە، شادومان مەلا حەسەن و رێبوار جاف.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ