ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پارتی لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و نەینەوا کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە، ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچن. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە دەڵێت، لە چوار پارێزگا کارەکانیان تەواوبووە و تەنیا بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ماون. هەبوونی ئاڵۆزیش لەنێوان کادیرانی پارتی بۆ ئەندامبوون لە کۆنگرە رەتدەکاتەوە.
رۆژی دووشەممە 26-9-2022، نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بەردەوامە؛ ئەمڕۆ لە لیژنەی ناوچەی فەرمانبەران لە هەولێر، لە لیژنەی ناوچەی سێمێل لە دهۆک و لە لیژنەی ناوچەی مەقلوب لە شێخان ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن".
بە گوتەی نەجات حەسەن، هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی داهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و نەینەوا کۆتاییهاتووە و ئەوەی ماوەتەوە بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکە.
دەنگۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و "تەقەکردن" لەلایەن چەند کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری قەزای سەیدسادق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە. نەجات حەسەن ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: "لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەدا هیچ شتێکی لەو جۆرە نەبووە. دەکرێت کێبڕکێی گەرم و چڕ بێت، بەڵام هیچ بابەتێک بەناوی تەقە و شتی لەو جۆرە نەبووە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 14ی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد کە لە کۆی پڕۆسەکەیان هەڵبژاردن لە دوو بازنە بەهۆی "ئاستەنگ"ەوە راگیراون و لە کۆتایی پڕۆسەکەدا هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت، ئەوانیش بازنەیەکە لە سۆران و بازنەیەکیش لە لقی 16 لە هەولێر.
لە رۆژی 27ـی ئابەوە هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتی بۆ کۆنگرەی حیزبەکە دەستیپێکردووە؛ ئەندامانی کۆنگرە لە رێگەی ئۆرگانەکانی پارتییەوە هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنەکە نزیکەی مانگ و نیوێک دەخایێنێت و لە 163 بازنەدا ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن. نزیکەی 800 ئەندام بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن و دابەشی پێنج پارێزگا کراون؛ 25% ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ژن بن.
تاوەکو ئێستا بە دیاریکراوی رۆژی کۆنگرە دیاری نەکراوە، نەجات حەسەن گوتی: "ئێمە ئامادەکارییەکان تەواو دەکەین و رادەستی سەرۆک بارزانی دەکەین".
دوایین کۆنگرەی پارتی کە کۆنگرەی 13 بوو لە ساڵی 2010 بەسترا. بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی ئەو حیزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام پارتی دەڵێت، بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆناوە کۆنگرەی 14 دواکەوت.