کشتوکاڵی هەڵەبجە: کەڕوویەک مەترسی لەسەر دار گوێزەکانی هەورامان دروستدەکات

27-09-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە رایگەیاند، مەترسیی لەنێوچوونی بەشێک لە دار گوێزەکانی ناوچەی هەورامان هەیە، ئەگەر هەڵمەتێکی نیشتمانی نەبێت. دەشڵێت، "بەهۆی جۆرە کەڕوویەکەوە ژمارەیەکی زۆری دار گوێزەکانی ناوچەکانی تەوێڵە و بیارە و هەورامان بەگشتی وشک بوون."
 
رۆژی دووشەممە، 26ی ئەیلوولی 2022 ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی جۆرە کەڕوویەکی مەترسیدارەوە ژمارەیەکی زۆر لە دار گوێزەکانی ناوچەی هەورامان وشک بوون و مەترسیی لەنێوچوونی ژمارەیەکی دیکەش هەیە."
 
لەبارەی کەڕووەکەوە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، "کەڕووەکە لە قەدی دارەکەوە دەستپێدەکات و نەخۆشییەکی مەترسیدار و قڕکەرە و دواتر دەبێتە هۆی وشکبوونی قەدی دارەکە و پاشان وشکبوونی تەواوی دارەکە و پووچبوونی بەرهەمی گوێزەکە. بەهۆی ئەو کەڕووەوە هەزاران سپۆر دەکەونە نێو ئاو و سەر دارەکان و هەوا دەیانگوێزێتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر دار گوێزەکانی دیکەش هەیە."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، گلەیی لە جووتیارانی هەورامان دەکات کە گوێیان بە هۆشداری و تێبینییەکانی ئەوان لەبارەی نەخۆشییەکە نەداوە.
 
ستار مەحموود دەڵێت، "لە دوو ساڵی جیادا لە رابردوو کاتێک ئەو مەترسییە هەبوو، دەرمانمان بە جووتیاران و خاوەن باخەکانی دار گوێز دا و لە یەکێک لە هەڵمەتەکان یەک مانگ تیمی ئێمە لەوێ مانەوە و هۆشیاریی زۆرمان بڵاوکردەوە، کەچی بەدەممانەوە نەهاتن و دەرمانەکانیان بەکارنەهێنا، ژمارەیەکی زۆر کەمیان نەبێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە پێیوایە ئەو پرسە پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانییە بۆ رێگریکردن لە لەنێوچوونی دار گوێزەکانی هەورامان کە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ژمارەیان نزیکەی 90 هەزار دار گوێز دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە