چەند گوندێکی شارباژێڕ لەژێر بۆردوومانی سەختی فڕۆکەی جەنگیدان
ئامادەکردن: نازەنین گۆران و سۆران حوسێن
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەی جەنگی سنووری قەزای ماوەت بۆردوومان دەکەن؛ قایمقامی قەزاکە دەڵێت، زیانەکانی نەزاندراون.
رۆژی دووشەممە 26-9-2022، کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومان هەبووە و تاوەکو ئێستا [کاژێر 03:25 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر] بۆردوومان لە سنووری گەڵاڵە بەردەوامە و بەپێی زانیاری پشتڕاستنەکراوە، فڕۆکەکان هی تورکیا بوون."
لەبارەی زیانەکانەوە، قایمقامی ماوەت گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە نازانن.
هەروەها ئەمڕۆ سوپای ئێران رایگەیاند، لەڕێگەی درۆن و تۆپهاوێژەوە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان و تۆپباران کردووە.
بە ڤیدیۆ؛ بۆردوومانێکی چڕ لەنزیک ماڵەکانی گوندی گەڵاڵەی شارباژێڕ لە سنووری سلێمانی pic.twitter.com/9ppRlGDWx8
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 26, 2022
هاوکات هاونیشتیمانییەکی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی قەزاکە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: سنوورەکەیان حەوت جار بۆردوومان کراوە، یەکەمجار لە شاخی ئاسۆسی داوە، دووەم؛ دۆڵی بەربەرد، سێیەم لە شینگی و چوارەم؛ لە گردەڕەشی داوە و ئەوانی دیکە لە سنووری چیای ئاسۆس بوون.
بە گوتەی قایمقامی ماوەت، ئێستا [کاژێر 03:25 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر] سنووری گوندی گەڵاڵە لە ژێر بۆردوومانێکی چڕدایە، لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئەم شوێنانە کە دەکەونە سنووری گوندی گەڵاڵە، لە لایەن فڕۆکەی جەنگیەوە بە سەختی بۆردوومان دەکرێن: ترشەکە، کە 5 کیلۆمەتر لە سنووری گوندی گەڵاڵە دوورە. باسکی قەلێ، کە دەکەوێتە نێوان گەڵاڵە و سەفرە و 2 کیلۆمەتر لە گەڵاڵەوە دوورە. دۆڵی کڵاوە، کە 2 کیلۆمەتر لە گەڵاڵەوە دوورە و دۆڵی کوێرەکانی.
لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک سنووری شارباژێڕ لەلایەن فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومان کراوە.