خۆپێشاندەرێکی خەڵکی شنۆ گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی چەند رۆژ لەمەوبەری شاری شنۆ بە ناوی سەلام گەڵوانی گیانی لەدەستدا. ئەمە چوارەم خۆپێشاندەری خەڵکی شاری شنۆیە بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدەدات.
 
سەلام گەڵوانی شەوی 21-09-2022 بریندار بوو و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ گوێزرایەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا خێزانەکەی باسیان لەوە کرد، دۆخی تەندروستیی باشە و هیواداربوون گیانلەدەست نەدات.
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نزیکەی 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی 12-09-2022ی شاری شنۆدا 3 خۆپێشاندەری دیکەش گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. جگە لە چوار کەسیان، ئەوانی دیکە لە ترسی ئەوەی کە دەستگیرنەکرێن، نەچوونە نەخۆشخانە.
 
لەو چوار کەسە کە دۆخیان خراپ بوو، دووانیان لە نەخۆشخانەی شنۆ چارەسەریان بۆ کرا و دووانەکەی دیکەش کە دۆخیان خراپتر بوو بۆ ورمێ گوێزرانەوە.
 
شەوی 23-09-2022 جارێکی دیکە خۆپێشاندانی گەورە لە شاری شنۆ بەڕێوەچوو و کۆنترۆڵی بەشێک لە شار بۆ ماوەی چەند کاژێرێک کەوتە دەستی خەڵک.