تاوەکو ئێستا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هەشت بەشداربووی کۆنگرەکەی هەولێر دەرچووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان بەرامبەر کۆنفرانسەکەی کەسایەتییە عەرەبەکان لە هەولێر بەردەوامن، کە داوایان کرد عێراق بچێتە نێو رێککەوتنی ئەبراهام بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
 
ویسام حەردان، سەرۆکی سەحوەی عێراقی دەڵێت، ئامانجی کۆنفرانسەکەی بەهێزکردنی پێکەوەژیان بووە و ئاگاداری نێوەڕۆکی ئەو راگەیێندراوەش نەبووە کە دواتر خوێندویەتیەوە.
 
سەرۆکی سەحوەی عێراق رایگەیاند، "ئەو پێشبینییەی لەو کۆنگرەیە هەبوو، وەکو رێکخەرانی گوتیان، بریتی بوو لە گەڕانەوەی خۆشەویستی و ئاشتی بۆ نێو رۆڵەکانی عێراق؛ پاش ئەو سەرکەوتنەی بەسەر تیرۆری داعشدا بەدەستهێندرا؛ پاش گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان بە خوێنی ئاڵی رۆڵەکانی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بەتایبەت کە ئێمە لە هەڵبژاردنێك نزیکین پێویستی بە هەوڵی هەمووانە بۆ قۆناخێکی نوێ؛ لەسەر ئەو بنەمایە، بەیاننامەکەی کۆنگرەم خوێندەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداری نێوەڕۆکەکەی بم، بەڵام تووشی شۆک بووم بە بوونی وشەی کیانی سەهیۆنی و داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی کە لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەوە رەتدەکەمەوە".
 
هۆزی حەردان لە کۆنفرانسێکدا پیاوماقوڵانی لە خۆی کۆکردەوە و گوتیان، ئەوەی ویسام حەردانی سەر بە هۆزەکەیان کردوویەتی، جێگەی شەرمەزارییە.
 
شێخی عەشیرەتی حەردان رایگەیاند، "داوای لێبوردن و نیگەرانیی خۆمان رادەگەیێنین لەسەر ئەو هەڵوێستە شەرمەزارکەرەی ویسام حەردان ئێمەی خستە ناوی؛ ئەوانەی بەشداریی کۆنگرەکەی هەولێریان کرد، خەبات و قوربانیدانی هۆزی حەردانیان لەبیرکردووە لەپێناو ئایین و نیشتمانەکەیان".
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیش رایگەیاند، ئەوان "هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەسەر کۆنفرانسەکە نەبووە و هیچ هاوسۆزییەکیشیان بۆ بەشداربووان نییە".
 
لەسەر کۆنفرانسەکەی هەولێر تاوەکو ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەشت کەس دەرچووە، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و دادگەی لێکۆڵینەوەی روومادییەوە.