بێگەرد تاڵەبانی لە نووڕۆژی دۆستان: بازاڕی میللـی بۆ جووتیاران دەکەینەوە

رووداو - هەولێر 

بێگەرد تاڵەبانی، یەکێکە لە دیارترین وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان، ئەرکێکی زۆری کەوتووەتە سەرشان بەهۆی ئەوەی حکومەت دەیەوێت لەم کابینەیەدا گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتووکاڵ بدات، بێگەرد تاڵەبانی لە نووڕۆژی دۆستان، ئاشکرای کرد لەپێناو یارمەتیدانی جووتیاران، پلانیان هەیە بازاڕی میللـی لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، دایکی دوو منداڵە و بەردەوام خەریکی چالاکییە لەوەتەی وەکو وەزیر لەم کابینەیە سوێندی یاسایی خواردووە. لە بڕگەی تێشت کە سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو ئامادەی دەکات لە بەرنامەی نووڕۆژی دۆستان، لە پێشکەشکردنی رەنج سەنگاوی، دلبخوین دارا و دیدە فەرەیدوون، باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی و پلانەکانی بۆ وەزارەتی کشتووکاڵ دەکات.

"حەزم لە ژەمی بەیانییە، بەڵام کاتم بۆی نەماوە"

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بڕیاری رێکخستنەوەی کاتی دەوامکردنی فەرمانبەرانی حکومەتی دا، بەجۆرێک هەرکەسێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت، ئەمە کاریگەری لە ستایلی ژیانی بێگەرد تاڵەبانی کردووە و دەڵێ "زۆر حەزم لە ژەمی بەیانییە، بەڵام لەوەتەی حکومەت دەوامی کردووەتە کاژێر 08:00 نەمخواردووە، هەرچەندە ئێمەی تاڵەبانی زۆر حەزمان لە خواردنی خۆشە و هەر لەبەر ئەوەشە هەموومان کێشمان زۆرە".

"کوڕەکەم دەڵێ واز لە هەموو شتێک بێنە و وەرەوە ماڵەوە"

بەهۆی ئەرکە حکومی و حیزبییەکانییەوە، بێگەرد تاڵەبانی زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوە بەسەردەبات، بەجۆرێک زۆر کاتی ئەوەی نییە، وەکو هەندێک ژن خواردن ئامادەبکات و ئاگاداری منداڵeکانی بێ، بەڵام دەڵێ "سوپاس بۆ هاوسەر و منداڵەکانم کە تێگەیشتنیان هەیە. جاری وا هەیە ئەو خواردنانە ئامادەدەکەم کە بە خواستیان نییە، بەڵام بەرگەدەگرن. جاری وا هەبووە منداڵەکانم گریاون و گوتوویانە حەزمان لێیە بتبینین، جاری واش هەبووە لە هەفتەکەدا منداڵەکانم نەبینیوە و زۆر مافیانم خواردووە، بەتایبەت کوڕەکەم کە پۆلسی شەشی سەرەتاییە، زۆر جار پێم دەڵێ، واز لە هەموو شتێک بێنە و وەرەوە لای خۆمان".

"دابڕاو نیم لە کشتووکاڵ و بە دڵی خۆم هەڵمبژاردووە" 

کێبڕکێیەکی زۆر لەنێوان رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هەبوو لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و، دواتر رێواز فایەق بە سەرۆکی پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانی بە وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەستنیشانکرا. بێگەرد تاڵەبانی توانجی ئەوەی لێدرا "هیچ لەبارەی کشتووکاڵ نازانێت، چۆن دەبێتە وەزیری کشتووکاڵ!".
 
بەڵام لەبارەی هەڵبژاردنی وەزارەتی کشتووکاڵەوە، بێگەرد تاڵەبانی ئاشکرای کرد خۆی حەز و خوولیای بووە ببێتە وەزیری کشتووکاڵ، ئاماژە بەوە دەکات "توانجی زۆر هەبوو کە من هیچ لە کشتووکاڵ نازانم، بەڵام من باوکم جووتیارە و لە گوندەکەی خۆمان زۆرترین بڕی گەنم بەرهەمدێنێت و جووتیارێکی ئاساییە، سەرەڕای ئەوەی قاچێکیشی نییە، بۆیە من دابڕاو نیم لە کشتووکاڵ و بە حەزی خۆم هەڵمبژارد".
 
لەبارەی سەرکەوتنی لە کارەکەیدا لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ "ئەمە دەکەوێتە سەر پاڵپشتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کەرتی کشتووکاڵ، لە هەموو دونیا 10%ـی بودجە بۆ برەودان بە کەرتی کشتووکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پاراستنی ئاو بەکاردێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە ساڵانی رابردوو 1.5ـی بودجەی بۆ تەرخانکراوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هەرێمێکی کشتووکاڵیە".

"گرفت لە بەرهەمهێنان نییە، لە ساخکردنەوەیە"

لە ماوەکانی رابردوودا لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵیی وەکو تەماتە و خەیار و، زۆربوونی ئەو بەرهەمە و ساخنەبوونەوەی بۆ جووتیاران، جووتیاران دەنگی گلەییان بەرزکردەوە، ژمارەیەکیشیان بەرهەمەکانی خۆیان فڕێدا، ڤیدیۆی ساتی فڕێدانی بەرهەمەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری بەدواداهات.

وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باسی ئەوە دەکات "گرفتی ئەوتۆمان نییە لە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەی دەیخەینە نێو بازاڕەکانی خۆمان، گرفتمان لە بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمەکانە. ئێمە، ناتوانین لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەروبوومی خۆمان هەبێت، بەڵام دەبێت بتوانین جووتیار وا رابێنین لە هەموو وەرزەکاندا بەروبوومی خۆمانی هەبێت، بەرهەمەکان هەمەچەشن نین، بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت 18 بۆ 20 هەزار خانووی پلاستیکیمان هەیە، بەڵام زۆرینەیان بۆ نموونە یەک جۆر بەرهەم دەخەنە بازاڕەوە، ئەمەش وادەکات ساخبوونەوەی لە بازاڕ ئەستەم بێت و خەسار دەبێت... بۆ ساڵی ئاییندە خەریکی پلانین و دەبێت جووتیارانیش هاوکارمان بن، بەپێ تایبەتمەندیی ناوچەکان بەروبوومی هەمەچەشن بخەینە نێو بازاڕ".

"کەرتی کشتووکاڵ هێندەی کەرتی وزە گرنگە"

بێگەرد تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە لەوەی "کەرتی نەوت و گاز گرنگە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەو کەرتە هەمیشە دەتوانێت یەکەم بێت، ئەو کەرتە یەکەم شت بوو دەستی بۆ بردرا کاتێک کێشەمان لەگەڵ بەغدا هەبوو، بەڵام کشتووکاڵ ئەو شتەیە کە هەمووکات لەدەستی خۆتە، بۆیە دەبێت حکومەت سەرنجی خۆی بگۆڕێت. من، سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکەم، کە بەڕاشکاوی پێی گوتم: تایبەتمەندیی من لەم کابینەیە لەسەر کشتووکاڵە و، دەمەوێت ئەوپەڕی پشتیوانیتان بکام. من هەستم بەوە کرد ئەو دەیەوێت سەرنج لە کەرتی نەوتەوە بگۆڕێت بۆ کەرتی کشتووکاڵ، ئەمەش بە واتای پشتگوێستنی کەرتی نەوت نییە، چونکە ئەمەش کەرتێکی زۆر گرنگە، بەڵام دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین کشتوکاڵیش هاوشێوەی ئەوی لێبێت".

"رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبینەوە"

پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی سەردەم، لە راپۆرتێکی دوورودرێژی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە گۆڕانی کەشوهەوا و 1400 لاپەڕەیە، باس لە عێراقیش دەکرێت و، پێشبینی دەکرێت ببێتە بیابان.

 بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی پلانی وەزارەتەکەی و حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا باس لەوە دەکات "بەتەنیا هەرێمی کوردستان ناتوانێت رووبەڕووی ئەمە ببێتەوە. گۆڕانی کەشوهەوا لە بەرنامەی کارکردنی چوار ساڵی داهاتوومانە، دەبێت هەڵوێستەی رژدی لەسەر بکەین و لەگەڵ عێراق هەماهەنگیمان هەبێت، هەروەها عێراقیش پێویستی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی. من پێموایە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، هۆکاری بنەڕەتی دەبێت یان کارئاسانی دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوی جیدی بهاوێژین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا".

"بازاڕی میللـی دەکەینەوە"

جووتیاران، گلەیی دەکەن کە بێکەسن و پشتگیرییان ناکرێت، بۆیە بێگەرد تاڵەبانی بەدوواداچوونی کردووە و دەڵێ "بۆ نموونە نرخی تەماتە لەنێوان 500، 750 بۆ 1000 دینارە و، ئەوەی پێوەی ماندوو دەبێت، جووتیارە، بەڵام کەمترین نرخ وەردەگرێت. ئێمە، پلانێکمان هەیە و دەمانەوێت لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستان و شار و شارۆچکەکاندا بازاڕی میللـی دروست بکەین، بۆ ئەوەی جووتیار راستەوخۆ بەرهەمی خۆی بفرۆشێت، ئەمەش زیان بەو کەسانەش ناگەیەنێت کە لە گومرگ کاردەکەن، چونکە بەداخەوە لەو گومرگانە تەنیا مامەڵە بە بەرهەمی خۆماڵی ناکرێت، مامەڵە بە بەرهەمی هاوردەکراویش دەکرێت".

"دەمانەوێت بەرهەمەکانمان لە بەرلین بناسێنین"

کۆتایی گوتەکانی وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تایبەت بوو بەو بەرهەمە کشتووکاڵییانەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوەیان دەکات و، نەیشاردەوە تەنیا توانیویانە هەناری هەڵەبجە هەناردە بکەن، بەڵام گوتیشی "پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی لە بەرلین دەکرێتەوە، هەوڵدەدەین لەوێ ستاندێک وەربگرین، دەمانەوێت بەرهەمەکانی خۆمان لەوێ نمایشبکەین تاوەکو لە ئەنجامی ئەوەدا کڕیار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمی خۆمان پەیدابکەین".