گشتپرسیی باشوور رۆژهەڵاتی خرۆشاند

رووداو- هەولێر

بانگەوازێك كە كۆمەڵێك لە چالاكڤانانی مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر ناوی "زەماوەندی ئاڵا "رۆژێك پێش گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان رایانگەیاندبوو، بە كەمترین پشتیوانی میدیایی جۆش و خرۆشی خستە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە. هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕ بوون لە ڤیدیۆ و وێنەی گردبوونەوەی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان.

كاژێر 17:00 بە كاتی سنە، وەك كاتی زەماوەند دەستنیشان كرابوو. زەماوەندەكە زۆر زووتر لەكاتی دیاریكراوی خۆی بە دابەشكردنی شیرینی دەستیپێكرد. شارەكان خرۆشان. هەزاران كەس لە گۆڕەپانە سەرەكییەكانی بانە، سنە، سەقز، مەریوان، مهاباد، بۆكان، سەردەشت، شنۆ، پیرانشار، كامیاران، روانسەر و جوانڕۆ دروشمی "پیرۆزە پیرۆزە"یان دەگوتەوە. 

ئاهەنگگێڕان لە مەهاباد، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و دروشمی "پێشەوا پێشەوا...ئاڵاكەت وا هەڵكرا" و گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیب پشتیوانییان لە گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان كرد.

لە شاری بانە، لە پاركی ئاربابا ئاڵای كوردستان هەڵكرا و سروودی "من پێشمەرگەی كوردستانم" و "ئەی رەقیب" گوترانەوە. دواتر هەزاران ئاهەنگگێڕ، زەماوەندی ئاڵایان بۆ نێو سەنتەری شارەكە گواستەوە. شاری سنە، یەكێك لە بەرفراوانترین ئاهەنگەكانی بەخۆیەوە بینی. ئامارە نافەرمییەكان ئاماژە بە ئاهەنگگێڕانی نزیكەی 20 هەزار سنەیی دەكەن. لە گۆڕەپانی ئازادیی ئەو شارە، دروشمی "باشوور تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە" ئاویەری تەنی. ئاهەنگگێڕان بە درێژایی شەو، بە گۆڤەند و شایی و گوتنەوەی دروشمە نەتەوەییەكان، زەماوەندیان گێڕا. لە شارەكانی سەقز، مەریوان و كامیاران و بەشێكی بەرچاوی گوند و ناوچەكانی پارێزگای سنە ئاهەنگی جەماوەری بەڕێوەچوون.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەستاودەستیان پێدەكرێت، لە زۆربەی شارەكان هێزی تایبەت بڵاوەی پێكرابوو. هاونیشتمانییەكی مەریوانی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویێتی "زیاتر لە 25 زرێپۆش لە سنەوە بەرەو مەریوان جوڵێندران و لە سنووری باشماخ جێگیركراون. بەدرێژایی رۆژ دوو فڕۆكەی شەڕكەر، بەسەر ئاسمانی شاردا سووڕاونەتەوە و بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێی خەڵك".

لە شارەكانی رووانسەر و جوانڕۆی پارێزگای كرماشان و هەندێك ناوچەی داڵاهۆ، سەرپێل زەهاو، قەسری شیرین و هەرسین، شیرینی گشتپرسی دابەشكرا.

جگە لە مەهاباد، لە زۆربەی شارەكانی ورمێ، بەتایبەت بۆكان و سەردەشت تا درەنگانی شەو، ئاهەنگی جەماوەری بەڕێوەچووە. خەڵكی ئەو پارێزگایە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاماژە بە جوڵە پێكردنی هێزەكان بۆ ناو شارەكان دەكەن. (محەممەد. ر) كە خەڵكی پیرانشارە لەو بارەوە دەڵێت "هێزی دژە شۆڕش لەناو شاردا بڵاوەیان پێكراوە. بە بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكان بەسەر ئاسمانی پیرانشاردا دەسوڕێنەوە و لە ناوچە سنوورییەكان دەنگی تۆپخانەكان، ئارامیان لە خەڵك هەڵگرتووە".

سەرەڕای رێوشوێنە ئەمنییەكان، هێزەكانی پۆلیس و دژە شۆڕش لە زۆربەی شارەكان لە ناوەند و گۆڕەپانە سەرەكییەكان كشابوونەوە و تەنیا چاودێری رەوشەكەیان كردووە.  (هەژار.ح) لە بۆكانەوە  بە (رووداو)ی گوت " هەستێكی خۆش بۆكانی داتەنیوە. خەڵك خۆڕسكانە ئاهەنگ دەگێڕن. ئەوەی هەیە، تەنیا خۆشی و شایی خەڵكە. یەكەمجارە بەبێ ترس ئەوەی لە دڵماندایە دەیهێننییە سەر زمان".

لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زەماوەند كرا و شاباش درا، بەڵام نە هیچ زاوایەك هاتە پێش و نە هیچ بووكێك گوازرایەوە. ئەوەی هەبوو پێكبەستنەوەی دوو پارچەی نیشتمان و نیشاندانی یەكێتی و یەكبوونی نەتەوەیەك بوو . چالاكڤانانی كەمپەینەكە دەڵێن "خەڵكی رۆژهەڵات بەتیرێك دوو نیشانی پێكا. هەم پشتیوانی لە گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان كرد و هەمیش گشتپرسی خۆی كرد".