رووداو - هەولێر
هاونیشتمانییەک دەڵێت، نرخی گازوایل دابەزیوە و نرخی ئەمپێری موەلیدە بەرزە. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێریش دەڵێت، کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە نرخی ئەمپێر دیاری دەکەن.
هاونیشتمانییەک لە شاری هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەند مانگێک پێش ئێستا نرخی لیترێک گازوایل بە 800 دینار بوو و ئێستا 500 دینارە، بەڵام نرخی ئەمپێری موەلیدە هەر بەرزە و بۆ سێ ئەمپێری مانگی رابردوو 48 هەزار دیناری داوە.
لەو بارەیەوە خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "زیاتر لە ساڵێکە نرخی گازوایل 500 بۆ 550 دینارە. دیاریکردنی نرخی موەلیدە تەنیا لەسەر بنچینەی نرخی گاز نییە. ئێمە بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە نرخ دیاری دەکەین".
خۆرانی دەڵێت، هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت سەردانیان بکات و بە راپۆرت و وردەکاریی تەواوە نرخی یەک ساڵی رابردووی گازوایل و ئەمپێری موەلیدەی دەخەنە بەردەست.
ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تێكڕا لە نێوان 12 بۆ 13 کاژێر کاریان کردووە.
ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان، کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە 24 کاژێردا تێكڕا نزیکەی 10 کاژێر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ