رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 21:40 شەوی رابردووەوە ئاگری دووکانەکانی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بەردەوامە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی چەند جارێک نزیکبوون لە کۆنترۆڵکردنی بەڵام ئاگرەکە لە چەند لایەکەی جیاوازەوە تەشەنەی سەندەوە.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە دەستپێکی ئاگرەکەوە لە شوێنی رووداوەکەیە و رایگەیاند: "بەهۆی ئاگرەکەوە کارمەندێکی بەرگریی شارستانی بریندار بووە، تیمەکان لە هەوڵدان بۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی رەنجە جەمال لە بەرگریی شارستانییەوە دەستی کەوتوون: پێدەچێت ئاگرەکە زیاتر درێژە بکێشێت، چونکە "لەو مادانە لە بازاڕەکە ماون کە زوو گڕ دەگرن." هەرچەندە تیمەکان "لە چەندین لاوە هەوڵدەدەن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن."
شەوی دووشەممە، 27-08-2024 موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت: زیانەکان تەنیا مادین، تیمەکانی دەرەوە و ناوەوەی هەولێر هاتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر جەختیکردەوە، کە دواتر لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا هۆکاری ئاگرەکە و زیانەکانی دەخەنەڕوو.
ئاگرەکەی شەقامی 60 مەتریی هەولێر لە ئاسمانەوە ببینن؛ دووکەڵ بە ئاسماندا بەرز دەبێتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 26, 2024
ڤیدیۆ: بڵند تاهیر - رووداو pic.twitter.com/UdQkyj15Dj
شایەتحاڵێک بۆ رووداو قسەی کرد لەبارەی ئاگرەکەوە، گوتی: "زیانەکان هەمووی مادین، لە ماڵەوە بووین، کاتێک هەواڵەکە گەیشت راستەوخۆ هاتین، بەڵام هیچمان بۆ نەکرا." لەبارەی زیانەکانیشەوە باسی لەوەکرد، "جارێ دیار نییە، بەڵام پێشبینی دەکەین نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار زیانی گەیاندبێت."
هاونیشتمانییەک رەخنە لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەگرێ و دەڵێت: "تیمەکان شارەزا نین، پێیان دەڵێین پەنجەرەکان بشکێنن و بچنە ژوورەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە بەڵام ناچن، بەبیانووی ئەوەی ئەگەر پەنجەرەکە بشکێنن، زیاتر ئاگرەکە تەشەنە دەسێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ