لە سلێمانی شەڕ لەنێوان ئاسایش و باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر روویدا

26-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بە برینداری و بە 14 کیلۆگرام مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران.
 
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش لە راگەیێندراوێکدا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 26-8-2024)  رایگەیاند، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر پاش رووبەڕووبوونەوە بە برینداری دەستگیرکران. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ رووبەڕووبوونەوەکە کاژێر 09:00ـی بەیانی بووە لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی.
 
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کردووە، ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
کارمەندێکی ئاسایش لە رووبەڕووبوونەوەکە بریندار بوو 
 
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بازرگانەکان لەنێو تەکسییەکدا بوون، 14 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریان لە جۆری کریستاڵ پێ بووە و دەستی بەسەردا گیراوە." 
 
هەروەها گوتی "ئەندامێکی ئاسایشی سلێمانیش بریندار بووە."
 
تۆمەتباران بە ماددەی 25ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیاندا بەردەوامە. 
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، باندێکی "هەرە مەترسیداری بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" کە کۆگەیەکیان لە یەکێک لە باخەکانی دەوروبەری هەولێر هەبووە، بە 85 کیلۆگرام کریستاڵەوە دەستگیرکران.
 
مادەی 25 سێ بڕگەی تێدایە، هەر کەسێک بەو بڕگانە سزا بدرێت، سزاکەی لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی تاهەتایی دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە