لە پەروێزخان ئاگرکەوتەوە؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکە بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە رووداوی گوت، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە گۆڕەپانی راگرتنی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان کەسێک گیانی لەدەستداوە. ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش دەڵێت، 14 تانکەر سووتاون، کەسێک گیانی لەدەستداوە و حەوتی دیکەش بریندارن.
 
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی راگرتنی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێک و تەقینەوەی، ژمارەیەک تانکەر سووتاون".
 
ئیدارەی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەهۆی ئاگرەکەوە 14 تانکەر سووتاون، یەک کەس گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکە بریندارن؛ تەواوی بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".

 

  
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری یەکێک لە تانکەرەکان بووە.
 
ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
 

 

 
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە بۆ رووداو نێردراون، تانکەرەکان لە شوێنێکدا ئاگریان گرتووە کە دەیان تانکەری دیکە لەدەوریاندان.