تیمى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق بۆ 'داهات' دەچێتە باشماخ
رووداو دیجیتاڵ
تیمى چاودێریى دارایی عێراق سەردانى دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتى باشماخ دەکات بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى داهاتى ئەو دەروازە سنوورییەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران.
26ى ئابی2024، شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەرى گومرگى دەروازەی سنووریى باشماخ لە سنوورى سلێمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تیمەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عیراق ئەمڕۆ هاتوون بۆ داواکردنى داهاتى خاڵە سنوورییەکە."
شاخەوان بەکر گوتیشى: "کارى تیمەکەى دیوانى چاودێریى دارایی ئەمڕۆ تەواو بووە و گەڕاونەتەوە، نازانین جارێکى دیکە دەگەڕێنەوە یان نا".
ئەو تیمە لە ناوەڕاستى مانگى ئاب سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ وردبینى لە داهات و خەرجیى هەرێمى کوردستان.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "چوونى تیمى دیوانى چاودێریى دارایی بۆ باشماخ لە چوارچێوەى کارەکەیاندایە بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى داهات و خەرجى چارەکى دووەمى ئەم ساڵ."
بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دیوانى چاودێریى دارایی و فیدراڵ بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە داهات و خەرجى دەکات و راپۆرت بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بەرز دەکاتەوە وەک هەنگاوێک بۆ ناردنى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان.