بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاریی گەرمیان: ساڵی رابردوو زیاتر لە 4 ملیار دینار پرۆژەمان جێبەجیکردوون

26-08-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان رایدەگەیێنێت، لە ساڵی رابردووەوە بە بەهای زیاتر لە چوار ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە ناحییەکەیاندا جێبەجێکردووە.
 
دەشڵێت، رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆیان و لەگەڵ دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە مەزاری ئەنفالکراوان بە گوژمەی ملیارێک دینار.
 
جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، " لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی ساڵی 2023، بڕی یەک ملیار و 835 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانکرا و بەو پارەیە چەند پرۆژەک جێبەجیکراون لەوانە؛ ئاوەڕۆی بەشێک لە گەڕەکی شاکەل بە 870 ملیۆن دینار، چاککردنی رێگەی سێ گوندی سنووری ناحییەکە بە بڕی 100 ملیۆن دینار لەگەڵ گەیاندنی کارەبا بە پێنج گوندی ناحیەکە بە بڕی 650 ملیۆن دینار". گوتیشی، پرۆژەی پێکەوەبەستنی چوار بیری ناحیەکە بۆ گەیاندنی هێڵی ئاو بە گەڕەکی راپەڕین بە بڕی 450 ملیۆن دینار کە ئێستا لە قۆناخی تەندەریندایە.
 
لەبارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکانی ئەم ساڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ساڵی 2024، بڕی دوو ملیار و 583 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانکراوە و کردوومانەتە دەرخستە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە لە سێکتەرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەسازی و تۆڕی کارەبای گەڕەکی راپەڕین ئامادەکراوە.
 
جەمال ساڵح گوتیشی، لەدوای سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفال بۆ گەرمیان، بڕیاریدا بە نۆژەنکردنەوەی هۆڵی بۆنەکانی ناحیەی رزگاری و هەروەها پەیکەری فەرەنجی نۆژەندەکرێتەوە و دەستکراوە چاککردنەوەی رووناکییەکانی ناو ناحییەکە.
 
ناحیەی رزگاری سەربە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 65 هەزار کەس دەبن و 73 گوندیش دەکەونە سنووری ناحیەکەوە.
 
لەبارەی پرۆژە راگیراوەکان لە سنووری ناحیەی رزگاری، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، دوو پرۆژەمان هەن لە سەر بودجەی پترۆدۆلارن و راگیراون، ئێستا رەزامەندی دراوە ئەو دوو پرۆژەیە بخرێنە سەر بودجەی ئاسایی خۆمان، ئەوەی زۆر گرنگە پرۆژەی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی گەڕەکی شاکەل کە 70٪ی تەواو کراوە و بەڵێندەرەکە زیاتر لە چوار ملیار دیناری لای حکومەتە، ئامادەیی دەربڕیوە دەست بکاتەوە بە کار لە پرۆژەکەدا.
 
گوتیشی، ئیدارەی گەرمیان بڕی ملیارێک دیناری بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە مەزاری ئەنفالکراوان لە دێبنە تەرخانکردووە و لە قۆناخی تەندەریندایە.
 
حکومەت لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان، مەرجی جێبەجێکردنی پرۆژەی لەسەر خاوەن پرۆژەکان داناوە. جەمال ساڵح دەڵێت، "لە بەرامبەر مۆڵەتدان بە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون، حکومەت بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەکانی ناحیەی رزگاری وەرگرتووە، کە قیرتاوی جوتسایدی گەڕەکی گەرمیان جێبەجێکراوە بە بڕی 780 ملیۆن دینار، لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سندوقی ناحیەی رزگاری".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە