لیوای 5ـی پێشمەرگە: بۆشاییە ئەمنییەکانی سنووری گەرمیان بە پێشمەرگە پڕدەکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و دواتر کشانەوەیان لە ناوچەکە؛ فەرماندەی لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت "دۆخی ناوچەکانی سنووری کوڵەجۆی گەرمیان بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە و بۆشاییە ئەمنییەکانیش پڕدەکرێنەوە."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 26ـی ئابی 2024) عەمید کاوە غەریب، فەرماندەی لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای کشانەوەی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی بەنایاسایی بۆی هاتبوون، دۆخی سەرجەم سنوورەکانی گوندی کوڵەجۆ و دەوروبەری ئاسایی بووەتەوە."
 
فەرماندەی لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە دەشڵێت، "ئەو بۆشاییەی ئەمنییانەی ناحیەی کۆکس کە لەنێوان هەردوو لیوای 5 و 9ـی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبوون، پڕ دەکرێنەوە و هێزەکانی لیوای 16ـی پێشمەرگەیان تێدا جێگیر دەکرێت، لەسەر بیرە نەوتەکەی گوندی سەید مدریکیش پۆلیسی نەوت و گاز جێگیرن."
 
عەمید کاوە غەریب دڵنیاییشی دا لەوەی، "هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هیچ جۆرێک ناگەڕێنەوە و سەرجەم ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدان."
 
هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرەبەیانیی دوێنێ بە 150 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە سنووری گوندی کوڵەجۆ لە ناحیەی کۆکسی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و دەوری بیرە نەوتێکیان دا، لەکاتێکدا جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکەدا جێگیر بوون و دوای چەند کاژێرێک لە مانەوەیان، لەو ناوچەیە کشانەوە.
 
هەمان رۆژ، تاڵیب موسەوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنمان لەو ناوچەیە دژ بە چەکدارانی داعش ئەنجام داوە".
 
بەڵام لە وەڵامی قسەکانی فەرماندەکەی حەشد دا، عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای 5ـی هێزی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، "ئەو هێزەی حەشدی شەعبی بەبێ هیچ هاوئاهەنگییەک هاتوونەتە سنوورەکە."