رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا سەرجەم وانەبێژانی کوردستان بکرێنە گرێبەست، ئەمڕۆ دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سوپاسی مەسرور بارزانیان کرد.
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 26-8-2024) رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی مەسرور بارزانی ''بە هەنگاوێکی گرنگ و گەورە دەزانین لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. گرێبەستکردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو، کە بووە جێگەی رەزامەندی و دڵخۆشیی هەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ رایگەیاند؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتن لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە راگەیێندراوەکەیدا هەروەها دەڵێ "ئەم بڕیارە سەلمێنەری ئەوەیە؛ جەنابی سەرۆکی حکومەت سەرەڕای دڵسۆزی بۆ پەروەردە و فێرکردن، هەروەها خەمخۆر و دڵسۆزە بۆ مافی مامۆستایان."
عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پەروەردە کۆبوونەتەوە و بڕیاردراوە، زیاتر لە 37 هەزار وانەبێژ 'لە ماوەی مانگێکدا' بکرێنە گرێبەست.
لە رابردوودا و تائێستا، کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت. کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان روونیکردەوە، "ئەگەر مامۆستایان و وانەبێژان بکرێنە گرێبەست، مووچەی مانگانەی ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەی دیپلۆمیان هەیە دەبێتە 400 هەزار، ئەوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە دەبێتە 500 هەزار دینار."
دەقی سوپاسنامەکە:
بۆ بەڕێز / مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دوای چاوەڕوانیێکی زۆری مامۆستایانی وانەبێژ بۆ گەیشتن بە مافەکانمان، کە بەهۆی قەیران و کۆسپی دارایی و سیاسی وەکو شەڕی داعش، ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەناردنی پشکی هەرێم لەلایان حکومەتی فیدراڵ، دواجار رۆژی یەکشەمە 25ـی 8 بەڕێز مسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژی دا بەشێوەی گرێبەست.
ئەم هەنگاوەی بەڕێزیان بە هەنگاوێکی گرنگ و گەورە دەزانین لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. گرێبەستکردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو، کە بووە جێگەی رەزامەندی و دڵخۆشی هەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە.
سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ خەمخۆری بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. ئەم بڕیارە سەلمێنەری ئەوەیە، بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت سەرەڕای دڵسۆزیی بۆ پەروەردە و فێرکردن، هەروەها خەمخۆر و دڵسۆزە بۆ مافی مامۆستایان.
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان
26-8-2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ