وردبینی لە ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردن کۆتاییهات

26-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکاریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و بڕیارە 29ـی ئەم مانگە جارێکی دیکە تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان بکرێت. هەروەها وردبینی لە ناوەکان کۆتاییهاتووە.
 
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وردبینیی ناوی بەربژێران لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی کۆتاییهاتووە."
 
لەبارەی ئەو بەربژێرانەی ئەو دوو لایەنە رەتیانکردوونەتەوە، نەبەر عومەر گوتی، "دیار نییە چەندن، چونکە نووسراوەکە بەنهێنی رەوانە کراوە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران."
 
بڕیارە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەیەکدا ناوی بەربژێران پەسندبکات و بڕیاریش لەسەر ئەو ناوانە بدات کە وەزارەتی ناوخۆ یان دەستەی دەستپاکی رەتیان کردوونەتەوە.
 
240 هەزار کارتی دەنگدان ماونەتەوە
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، 240 هەزار کارتی دەنگدان لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک و ماونەتەوە و هاونیشتمانییان نەچوون بۆ وەرگرتنەوەیان.
 
تاوەکو رۆژێک پێش دەنگدان، هەر هاونیشتمانییەک کارتەکەی تەواو بووبێت، دەتوانێت وەریبگرێتەوە.
 
بەگوێرەی خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 16ـی ئەیلوول بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەڵام نەبەر عومەر گوتی، "رۆژی بانگەشە بەگوێرەی خشتەی کار دیاریکراوە، بەڵام دەبێت ئەنجوومی کۆمیسیاران بە فەرمی پەسندی بکات."
 
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
 
بەپێی خشتەی پەسندکراوی کۆمیسیۆن بۆ دابەشبوونی پەسندکراوی بنکەکانی دەنگدان، ئەو بنکانە بەم شێوەیە بەسەر بازنە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەبن:
 
پارێزگای هەولێر
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 498
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 62
 
پارێزگای سلێمانی
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 477
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 57
 
پارێزگای دهۆک
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 264
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 33
 
پارێزگای هەڵەبجە
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 27
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 1
 
هەروەها ئەم بنکانەش بۆ دەنگدانی تایبەت لەم پارێزگایانە دەکرێنەوە:
 
- نەینەوا: 4 بنکە
- بەغدا: 3 بنکە
- کەرکووک: 1 بنکە
- ئەنبار: 1 بنکە
- سەڵاحەددین: 1 بنکە
- دیالە: 1 بنکە
- واست: 1 بنکە
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە