لە سلێمانی پیاوێک بە کوژراوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی کاژێر 09ـی ئەمشەو کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵەوە، هاوژینەکەی بە کوژراوی دۆزیوەتەوە. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "ئاسەواری چەقۆیەک بە مللـی پیاوەکەوە بووە و گومانی ئەوە دەکرێت دز چووبێتە سەر ماڵیان."
 
شەوی شەممە، 26ـی ئابی 2023 هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی لە بنکەی کازیوە ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی تەرمێک لە ماڵێکی گەڕەکی کازیوەدا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی کەوتوون "ژنی ماڵەکە نزیکەی کاژێر 9:00ـی ئەمشەو گەڕاوەتەوە ماڵەوە و بینیویەتی ناوماڵەکەیان لە نهۆمی یەکەم تێکدراوە و کاتێک لە ماڵەوەش دەرچووە، موبەریدەکەی بە کوژاوەیی بەجێهێشتووە، بەڵام بینیویەتی هەڵکراوە، بۆیە راستەوخۆ پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و گوتوویەتی دز هاتووەتە سەر ماڵەکەیان."
 
دوای ئەوەی ژنەکە دەچێتە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان، هاوژینەکەی بینیوە، کە لەسەر زەوی کەوتووە و شوێنەواری چەقۆی پێوەبووە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو تیمانەی چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بۆیان دەرکەوتووە ''ئاسەواری چەقۆیەک بە ملی کوژراوەکەوە بووە و، بەرلەوەی تیمەکان بگەنە ماڵەکە، گیانی لەدەستداوە.''
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی رووداوەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دیار نییە دز چووەتە سەر ماڵەکە یان رووداوەکە بە جۆرێکی دیکە بووە.