لە دیلۆک هۆتێلێکی 17 نهۆمی سووتا

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، هۆتێلێکی 17 نهۆمی کە چۆڵکراوە، سووتا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی.
 
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە 26-8-2023) لە شەقامی باشپنار لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی باشپناری دیلۆک روویدا. هەواڵ بە بەرگریی شارستانی درا سەبارەت بە هەڵگیرسانی ئاگرێک لەنێو هۆتێلێکی 17 نهۆمی کە ماوەیەکە چۆڵکراوە و کەسی تێدا نییە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. 
 
تیمەکان بۆ ئەوەی ئاگرەکە زیان بە خەڵک نەگەیەنێت، شەقامەکانی نزیک لەو هۆتێلەیان بەڕووی هاتووچۆدا داخست. 15 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و، 45 کارمەند بەشدارن لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. ئەگەرچی تیمەکان باس لەوە دەکەن بەشێکی زۆر لە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام تاوەکو کاژێر 18:00 ئاگرەکە هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکرابوو.
 
ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەکاتێکدایە 29ـی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە یەک هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.