لە سێ رۆژدا دووجار ئاگر لە ناوچە شاخاوییەکانی سەرسنگ کەوتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی سێ رۆژدا، دووجار ئاگر لە ناوچە شاخاوییەکانی سەرسنگ لە قەزای ئامێدی کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە 300 دۆنم زەویی ناوچەکە سووتاوە. ئاگرەکە زیانی بە جووتیارانی گوندی مێرگەتی گەیاندووە و دانیشتووانی گوندەکەش لە چۆنییەتیی ئاگرکەوتنەوەکە بەگومانن.
 
خەڵکی گوند شان بە شانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی خەریکن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی گۆڕەپانی گوندی مێرگەتیی گرتووەتەوە، ئاگرەکە جگە لە زیانە ژینگەییەکەی بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی زۆر بە خاوەنی پاوانەکان. بەگوتەی خەڵکی گوندەکە، ئاگرەکە بەهۆی بۆردوومانەوە دروست نەبووە، بەڵکو کەسێک بەئەنقەست کردوویەتییەوە.
 
محەممەد مێرگەتی، جووتیارێکی گوندەکەیە و قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێ "ئێمە وەک خاوەن پاوانەکان، ئەو موڵکەمان هەمووی سووتا، ئیدی نازانین ئاژەڵەکانمان ببەینە کوێ."
 
جووتیارێکی دیکەی گوندەکە بەناوی ئیسماعیل مێرگەتی دەڵێ، "ئاگرەکە زیانێکی گەورەی بە دەڤەرەکە بەگشتی داوە. لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتی کۆمەڵگەی ئازادی لە سەرسنگ و گوندی باوەرکێ و مێرگەتی، هەمووی لەسەر پاوانی ئەو گوندە بوو (کە سووتا)."
 
خالید رەشید، پۆلیسی بەرگریی شارستانی سەرنسگ دەڵێ "پێرێ ئاگریان لێرە بەردا و ئێمە کوژاندمانەوە، لە لاکەی دیکەش هەر هەمان رۆژ کوژاندمانەوە، شەممەش جارێکی دیکە ئاگریان تێبەرداوەتەوە و خەریکین و خەڵکی گوندیش هیچ کەموکوڕییەکیان نەنواند، بەرگریی شارستانیی قەدشێ و سەرسنگ هاتین و کۆنترۆڵمان کرد."
 
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری دارستان و پاوان لە دهۆک، ئەمساڵ رێژەی ئاگربەربوون لە دارستان و پاوانەکان زیاتر بووە؛ لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بە هەمووی 3 هەزار دۆنم سووتابوو، ئەمساڵ تائێستا لە نزیکەی نۆ مانگی رابردوودا نزیکەی هەشت هەزار دۆنم سووتاوە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوان لە سنووری پارێزگای دهۆک، ملیۆنێک و 700 هەزار دۆنم دارستان هەیە و لە سنووری قەزای ئامێدی لە ناحیەی دێرەلووک و شیلادزێ، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە ماوەی 10 رۆژە ئاگر لەو سنوورانە بەردەوام بووە.