ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر کۆدەبێتەوە

26-08-2023
نیشانەکردن یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووخسار رۆستەم


ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، ئامادەکارییەکانە بۆ کۆنگرەی پێنجەم.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 26-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە لە کاژێر 3:00ـی دوانیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر دەکرێت.
 
رووداو زانیویەتی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە؛ ئامادەکارییەکانی ئەو حیزبەیە بۆ کۆنگرەی پێنجەم، هەروەها هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
 
بڕیاری کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر دوای ئەوە دێت؛ مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە رۆژی 20ـی ئەم مانگە لە شاری کەرکووک کۆبووەوە و تێیدا بڕیاری بەستنی کۆنگرەی یەکێتی لە 27ـی ئەیلوولی 2023 درا.
 
بەپێی مادەی 14ـی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆنگرەی ئەو حیزبە باڵاترین دەسەڵاتە و، هەر چوار ساڵێک دەبەسترێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەش نابێت لە هەزار ئەندام تێپەڕێت.
 
جگە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگەکانی ساڵی 1976 و ئەندامانی سەرکردایەتی، کە لە 124 کەس پێکدێن و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو، کە هێشتا لە ریزەکانی یەکێتی خەبات دەکەن، جگە لەوانەی بە هەڵبژاردن لە مەڵبەند و دەزگا و مەکتەب و ئۆرگانەکانی دیکەوە دێن، دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
 
رۆژی 21-12-2019، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، بەڵام رۆژی 8ـی تەممووزی 2021 کێشەی هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە دەرکەوت و بەهۆیەوە لاهوور شێخ جەنگی، کە هاوسەرۆکی یەکێتی بوو، دوورخرایەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو شەش کەسە ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو کارە دووبارەبکەنەوە، رێوشوێنى یاسایى لە دژیان دەگیرێتەبەر.

لە کەرکووک شەش کارمەندی کورد بەهۆی پۆستێکی فەیسبووک سزادەدرێن

شەش کارمەندى کوردى کۆمپانیاى گازى باکوور لە کەرکووک بەتۆمەتى ئەوەى لایکیان لە پەیجێکى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کردووە، سزاى ئاگادارکردنەوە دەدرێن.